موقتەدا سەدر: ئەوەى هاوکارى خێزانەکەى نەکات شوێنکەوتووى ئیمام عەلى نییە
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر داوا لە شوێنکەوتووانى مەزهەبی شیعە دەکات هاوکارى ژنەکانیان بکەن لە کاروبارى ناو ماڵ، ئەگەرنا لەهیچ شتێکدا شوێنکەوتووى ئیمام عەلى نابن و دەڵێت: "لە شوشتنەوەی نیسک و هاوکاریکردنی ژن و خزمەتکردنی منداڵ لوتبەرز مەبن بۆ ئەوەی چاکەتان بۆ بنووسرێت".
یەکشەممە 22ـی شوباتی 2026، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە پۆستێکی ئێکسدا نووسینێکی لەبارەی پرسی ژن و هاوکاریکردنی لە کاروباری ماڵدا بڵاوکردەوە.
موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە داوە، زۆرینەی کۆمەڵگە، بەتایبەت کۆمەڵگەی عەرەبی و ئەوەی سرووشتێکی خێڵەکیی هەیە، دوورە لە تایبەتمەندیی هاوکاریکردنی ژن لەلایەن مێردەکانیانەوە لە کاروباری ماڵ و خزمەتکردنی منداڵ.
رێبەری رەوتی سەدر پەیامەکەی ئاراستەی شوێنکەوتووانی مەزهەبی شیعە کردووە و ئاماژە بەوە دەکات، هەر کەسێک لەوەدا لوتبەرزی بکات، لە هیچ شتێکدا لە شوێنکەوتووانی ئیمامی عەلی نییە کە مەبەست لەوانەیە کە لە خواردن و خواردنەوەدا لوتبەرزانە لە ماڵدا مامەڵە دەکەن، یان ئەوانەی بە تووندوتیژییەوە مامەڵە لەگەڵ ژن و منداڵەکانیان دەکەن و لێیان دەدەن، یان قسەی نەشیاویان پێ دەڵێن.
موقتەدا سەدر دەڵێت، "ئەى شوێنکەوتووانی عەلی (سڵاوی خوای لێ بێت)، لە شوشتنەوەی نیسک و هاوکاریکردنی ژن و خزمەتکردنی منداڵ لوتبەرز مەبن بۆ ئەوەی چاکەتان بۆ بنووسرێت".