تورکیا و عێراق بۆ گەڕاندنەوەی زیاتر لە 180 زیندانیی داعش رێکدەکەون

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنیل بورا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق دەڵێت، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان بەغدا و ئەنقەرەدا هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو زیندانییانەی داعش کە هەڵگری وڵاتینامەی تورکیان و ئێستا لە زیندانەکانی عێراقدا دەستبەسەرن.
 
باڵیۆزی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی ئەو زیندانییانەی داعش کە وڵاتینامەی تورکیایان هەیە، زیاتر لە 180 کەسە؛ دەشڵێت، مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لە بەغدا بەڕێوەدەچێت بۆ دیاریکردنی دوایین هەنگاوەکان و میکانیزمی جێبەجێکردنی گەڕاندنەوەیان.
 
ئەم گوتانەی ئەنیل بورا ئینان لە کاتی بەشداریکردنی بوو لە کۆڕبەندێک لەژێر ناوی (پاڵپشتی داهاتووی عێراق.. سەقامگیری و هاوکاری ئابووری) لە بەغدا.
 
 باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا گوتی، گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە تورکەکان و ئەو منداڵانەی لەگەڵیانن، هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی قۆناخی دوای داعش و کەمکردنەوەی گوشار لەسەر سیستمی ئاسایش و دادوەریی عێراق.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراقەوە ژمارەی ئەو چەکدارانەی پێشووی داعشی دەستکەوتووە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە و ئێستا لە زیندانی کەرخ لە بەغدا دەستبەسەرن. چەکدارەکان هەڵگری وڵاتینامەی چەندین وڵاتن.
 
زۆربەی چەکدارەکان سووریایین کە ژمارەیان 3.544 چەکدارە. دوای ئەو عێراق بە 460 چەکدار و دواتریش توونس بە 234 چەکدار دێن.