لە عێراق مووچەی مانگی شوبات خەرجدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکانی بۆ مانگی شوبات دەستپێکردووە و رێکارەکان بۆ ناردنی پارەکە بۆ بانکەکان تەواو بوون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی شوباتی 2026 وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، "دەستکراوە بە پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی شوباتی ئەم ساڵ."
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای تەواوکردنی هەموو رێکارە کارگێڕی و تەکنیکییەکان، دەستیان کردووە بە ناردنی تەرخانکراوە داراییەکان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، تاوەکو لە رێگەی بانکە پەسندکراوەکانەوە بەسەر مووچەخۆراندا دابەش بکرێن.
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکان بەپێی خشتەی بانکەکان، دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، هێشتا لە هەرێمی کوردستانەوە لیستی مووچەی مانگی شوبات و 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ و تەراوزووی پێداچوونەوە رەوانەی بەغدا نەکراون، کە مەرجی سەرەکیین بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەم مانگە، لەگەڵ نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان.