نووسینگەکەی بۆ رووداو: هیچ رەفتارێکی نەشیاو بەرامبەر سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە، گوایە لە کاتی یارییەکی تۆپی پێدا، دیپلۆماتێکی باڵای ئەمریکا داوای لە عەقیل موفتن کردبێت یاریگەکە جێبهێڵێت. بەڕێوەبەری نووسینگەکە دەڵێت: "پێکەوە دانیشتوون و هیچ گرژییەک رووی نەداوە."
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، لە کاتی یاریی نێوان یانەکانی جەوییە و تەڵەبە داوای لە عەقیل موفتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق کردووە یاریگەکە جێبهێڵێت، نووسینگەکەی ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە.
ئەحمەد عەلوجی، بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 22-02-2026 بە رووداوی راگەیاند: "من وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەت، کاژێرێک پێش سەرۆکی لیژنە لەوێ ئامادە بووم. هیچ شتێکی لەو شێوەیە رووی نەدا، دکتۆر عەقیل پێشوازی لێکردن و لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا دانیشتن؛ هیچ قسەیەکی نەرێنی یان ناڕەزایەتی بە هیچ شێوەیەک رووی نەدا."
ئەم دەنگۆیانە لە کاتێکدان، پێشتر واشنتن سزای بەسەر عەقیل موفتندا سەپاندووە. بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاویان کردبووەوە کە هاریس رەزامەند نەبووە لەگەڵ موفتن لە یەک شوێندا بێت.
ئەحمەد عەلوجی ئەو هەواڵانە بە "چەواشەکاری" ناودەبات و دەڵێت: "ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ورووژێنراوە، کارێکی چەواشەکاری و تەواو ناڕەوشتانەیە. هەموو ئەو بابەتانەی دەستاودەستیان پێ دەکرێت دوورن لە راستییەوە؛ ڤیدیۆ و وێنە راستییەکان لە پەیجە فەرمییەکانی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەن."
سەبارەت بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر عەقیل موفتن، بەڕێوەبەری نووسینگەکەی دەڵێت: "راستە هەندێک لێدوان و سزا لەلایەن ئەمریکاوە هەن، بەڵام ئەمانە تەنیا تۆمەتن و پشت بە بەڵگەی دادوەری نابەستن، تۆمەتباریش بێتاوانە تاوەکو تاوانەکەی بەسەردا دەسەلمێندرێت."
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر عەقیل موفتندا سەپاند. واشنتن موفتنی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە رێگەی بەڕێوەبردنی بانکێکی بازرگانییەوە، هاوکاریی دارایی بۆ گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دابین کردووە و دەستی لە قاچاخچێتی نەوتدا هەبووە.