پڕۆژەیاسایەک؛ هەر پەرلەمانتارێکى عێراق دواى مانگێک سوێند نەخوات جێگرەوەی بۆ دادەنرێت

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانى عێراق یاسایەکى خۆى هەموار دەکاتەوە بۆ ئەوەى هەر پەرلەمانتارێک لە دواى 30 رۆژ لە یەکەم کۆبوونەوەى سوێندى یاسایی نەخوارد، جێگرەوەی بۆ دادەنرێت. ئەندامێکى لیژنەى یاسایى پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئەو هەموارە کێشەى لەسەرە و دەستکارى دەکرێت."
 
رۆژی 24ى ئادارى 2024، پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە و یەکێک لە خاڵەکانى کارنامەکە خوێندنەوەى یەکەمە بۆ هەموارى یەکەمى یاسای پەرلەمانى عێراق و پێکهاتەکانى. 
 
بەگوێرەى ئەو پڕۆژەیاسایە، مادەى شەشەمى ئەو یاسایە هەموار دەکرێت، بەشێوەیەک کە هەر بەربژێرێکى پەرلەمان کە لە هەڵبژاردندا دەنگى پێویست بهێنێت بۆ بوون بە پەرلەمانتار و لە ماوەى یەک مانگ لە دواى یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمان بەبێ پاساوێکى رەوا سوێندى یاسایی نەخوارد، وەک ئەوە هەژمار دەکرێت کە سازشی لە کورسییەکەى کردووە و کەسێکى دیکە دەخرێتە شوێنەکەی.
 
ئەو وادەیە، سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران و ئەندامانى ئەنجوومەنى وەزیران ناگرێتەوە کە لە هەڵبژاردنى پەرلەماندا براوە بوون، بەڵام ئەگەر هەر کام لەو پۆستانە هەڵبژێردێت، دەبێت لە دواى مانگێک لە هەڵبژاردنیان ئەو بەرپرسانە لە پەرلەمان سوێندى یاسایی بخۆن، ئەگەرنا ئەندامێتییان لە پەرلەمان لەدەست دەدەن. 
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "مشتومڕ لەسەر ئەو سوێندخواردنانە هەیە، کە ناکرێت یەکەم دانیشتنى پەرلەمان بکرێت و حکومەت هەڵنەبژێردرێت و بەهۆیەوە پەرلەمان کۆنەبێتەوە و لەماوەیەدا پەرلەمانتارێکى نوێ نەتوانێت سوێندى یاسایی بخوات، کە کۆبوونەوە ناکرێت و بەوەش کورسییەکەى لەدەست بدات."
 
دارا سێکانیانى گوتى: "پێشنیازێک هەیە کە داڕشتەکەى بگۆڕێت بۆ ئەوەى کە ئەگەر لەو دواى یەکەم دانیشتن کۆبوونەوەى پەرلەمان بکرێت و ئەو ئەندامە نوێیە ئامادە نەبێت بۆ سوێند خواردن ئەوکاتە لەدواى 30 رۆژ مافى ئەندامیێتى نەمێنێت".  
 
یەکێک لە هەموارەکانى دیکە تایبەتە بە مادەى 16، دەسەڵات بە ئەندامى پەرلەمان دەدرێت کە نووسینگە لەو پارێزگایە بکاتەوە کە تێیدا براوە بووە یان هەر پارێزگایەکى دیکە، بەو مەرجەى خەرجى کردنەوەى ئەو نووسینگەیە لە پارەى خۆى بدات. 
 
ئەندامەکەى لیژنەى یاسایی پەرلەمان رایگەیاند، هەموارى یاساى پەرلەمان و پێکهاتەکانى لەسەر بنەماى ژمارەیەک بڕیارى دادگەى فیدراڵییە کە لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى هەندێک لە مادەکانى ئەو یاسایە دەرکردووە و ئەو هەموارە بۆ ئەوەیە کە بگونجێندرێت لەگەڵ بڕیارەکانى دادگەکە. 
 
یاساى پەرلەمانى عێراق و پێکهاتەکانى لە ساڵى 2018 لە پەرلەمان پەسند کرا بۆ رێکخستنى کارى پەرلەمان و چالاکییەکانى.