'مقاوەمەی ئیسلامی' لە عێراق دەڵێت، لە یەک رۆژدا 21 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا

رووداو دیجیتاڵ

گرووپی 'مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی ئەو گرووپە، کە رۆژی یەکشەممە 22-03-2026 لە کەناڵی گرووپەکە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، چەکدارەکانیان لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 21 ئۆپەراسیۆنیان کردووە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە هێرشەکان لە رێگەی "دەیان درۆن و مووشەک"ەوە بوون و ئامانج لێیان بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە ناوخۆی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە.

گرووپی موقاوەمە کە لە چەند گرووپێکی چەکداری شیعەی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکدێت، رایگەیاندووە هێرشەکانیان لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە کردووە.
 
لە 28ی شوباتەوە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، لەو کاتەوە گرووپی موقاوەمە بۆ پاڵپشتیی ئێران هێرش دەکاتە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان و شوێنە نیشتەجێبووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی گرووپەکە لە ماوەی 23 رۆژی رابردوودا بڵاویان کردووەتەوە، لەو ماوەیەدا بەرپرسیارێتیی 549 هێرشیان گرتووەتە ئەستۆ کە لە عێراق و ناوچەکە کراون، زۆرترینیان لە 17ی ئاداردا بووە، کە 47 هێرش بووە.