سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: لێپێچینەوە لەو لایەنانە بکرێت کە هێرشیان کردە سەر بارەگای هەواڵگری
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆمارى عێراق داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات لێپێچینەوە لە بکەرانی ئەو هێرشە بکەن، کە کرایەسەر بارەگایەکی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە بەغدا، حیزبی دەعوەش داوا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی شەفافانە لەو هێرشە بکرێت و ئەنجامەکەی بۆ هاووڵاتییان ئاشکرا بکرێت.
یەکشەممە 22ى ئادارى 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیێنراوێکدا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر بارەگایەکی دەزگای هەواڵگریی عێراقی کرد و بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەوڵێک بۆ زیانگەیاندن بە دەستکەوتە ئەمنییەکان ناوی برد.
سەرۆکایەتیی کۆمار وێڕای سەرکۆنەکردن لە کوژرانی ئەفسەرێکی ئەو دەزگایە لەو هێرشەدا، داوای کردووە کە لێپێچینەوە لەو لایەنانە بکرێت، کە بەرپرسن لەو هێرشە تاوەکو سزا بدرێن.
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لە پێویستیی بەهێزکردنی هەوڵە نیشتمانییە هاوبەشەکان کراوەتەوە بۆ پاراستنی دامەزراوە گرنگەکان و رەخساندنی ئاسایش و سەقامگیری.
21ی ئاداری 2026 هێرش کرایە سەر شوێنێکی نزیک بارەگایەکی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە بەغدا و بەهۆیەوە ئەفسەرێکی ئەو دەزگایە کوژرا و دووانی دیکە بریندار بوون.
حیزبی دەعوەی عێراق کە نووری مالیکی سەرۆکایەتى دەکات، لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد و داوای کرد لێکۆڵینەوەیەکی شەفافانە لەو رووداوە بکرێت و ئەنجامەکەی بە بەڵگەوە بۆ هاووڵاتییان ئاشکرا بکرێت.
ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەویش لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەى بە "تیرۆریستی" ناوبردووە و ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.