سەرایا ئەولیا دەم: ئەمریکا لە عێراق داوای ئاگربەستی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

گرووپی سەرایا ئەولیا دەم کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، ئەمریکا لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە داوای 24 کاژێر ئاگربەستی لە گرووپە چەکدارەکان کردووە و هەندێکیان رەزامەند بوون بەو مەرجەی هێرش نەکرێتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی.
 
یەکشەممە 22ى ئادارى 2026، ئەبو مەهدی جەعفەری، گوتەبێژی گرووپی سەرایا ئەولیا دەم لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، ئەمریکییەکان و پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە داوای 24 کاژێر ئاگربەستیان لە گرووپە چەکدارەکان کردووە.
 
بە گوتەی ئەبو مەهدی جەعفەری، ئەو داواکارییەی ئەمریکا و ناتۆ بۆ ئەوە بووە کە هێزەکانیان لە ناوەندی پشتیوانیی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کە بە بنکەی ڤیکتری ناسراوە، بگوێزنەوە بۆ تورکیا.
 
گوتەبێژی گرووپی سەرایا ئەولیا دەم رایگەیاندووە، زۆربەی ئەو گرووپانەی سەر بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە ئەو داواکارییەیان پێگەیشتووە، رەزامەند بوون لەسەر ئاگربەستەکە بەو مەرجەی هێرش نەکرێتە سەر پێگەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە سامەڕا تاوەکو کەربەلا، ئەگەر دەست بە هێرش بکەنەوە، ئەو گرووپانەش هێرش دەکەنەوە سەریان.
 
ئەبو مەهدی جەعفەری بانگەشەی ئەوە دەکات، دوێنێ شەممە 21ى ئاداری فڕۆکەی ئێس 30ی سەر بە ناتۆ نەیانتوانیوە لە بنکەکەی بەغدا بنیشنەوە بەهۆی چڕیی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئەو بنکەیە، ئێستاش تەنیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستانن. 
 
ئەو گرووپە یەکێکە لە پێکهێنەرانی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە دوای 28ی شوباتەوە بەرپرسیارێتیی بەشێک لەو هێرشانەی گرتووەتە ئەستۆ کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
 
گرووپی سەرایا ئەولیا دەم دەڵێت: "پێشبینیی هەڵوێستی بەهێزمان لە حکومەت و هێزە سیاسییەکانی عێراق دەکرد بۆ پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستەکان شەرمنانە بوون."
 
لە 28ی شوباتەوە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە؛ لەو کاتەوە گرووپی موقاوەمە بۆ پاڵپشتیی ئێران هێرش دەکاتە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان و شوێنە سڤیلنشینەکانى لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەندێکجاریش سوپاى ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر بارەگاى ئەو گرووپانە.