حکومەتی عێراق: هەوڵی دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەدەین

 
رووداو - بەغدا

سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە. گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، خەریکی کڕینی سیستمی بەرگرین بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
گرژییەکان لە ناوچەکە بەجۆرێکن کە پێناچێت ئاسۆی هێوربوونەوە نزیک بێت؛ تاوەکو هەڕەشە و هێرشەکانی سەر ئێران زیاتر بن، هێرشی گرووپەکانی نزیک لەو وڵاتە لە عێراق زیاتر دەبن. لەم نێوەندەشدا، کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بوونەتە یەکێک لە ئامانجەکان.
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەنگاوی زۆر باشمان بڕیوە بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ ئەو وڵاتانەی سیستمی بەرگری دابین دەکەن. بێگومان دانانی ئەو سیستمە بەرگرییە بۆ هەموو عێراقە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە."
 
نوعمان ئاماژەی بەوەش کرد: "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایسپاردووین بۆ هاوئاهەنگیی تەواوەتی لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی کێڵگەکان؛ هەروەها بەتووندی سەرکۆنەی ئەو کارە تیرۆریستییانەمان کردووە کە کراونەتە سەریان."
 
لەگەڵ هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزە، موڵک و ماڵی هاونیشتمانییان و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق ئەنجامدەرانی هێرشەکان بە "تیرۆریست" ناودەبات، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئاشکرا و دەستگیریان بکات.
 
لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت: "هەر کەسێک دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق بە ئامانج بگرێت یان لە بەرژەوەندییەکانمان بدات، بێگومان ئەوانە کاری تیرۆریستین. بەدڵنیاییەوە ئەرکی ئێمەیە چاودێری و رووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانە بکەین کە ئەم جۆرە دەستدرێژییانە دەکەن."
 
هەرچەندە هەولێر و بەغدا لە سەرەتای شەڕی ناوچەکەوە رایانگەیاندووە کە نابنە بەشێک لەو جەنگە، بەڵام هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان وایکردووە لە یەک کاتدا هەم ئەوان لە هەرێمی کوردستان بدەن و هەمیش ئەمریکا و ئیسرائیل پێگە و بارەگاکانیان لە نێو عێراقدا بکەنە ئامانج.