سێ جار بنکەکانی لیوایەکی حەشدی شەعبی لە بابل بۆردوومان کران

 
رووداو دیجیتاڵ

سێ جار بنکەکانی لیوایەکی حەشدی شەعبی سەر بە کەتبیەکانى حیزبوڵڵاى عێراق لە بابل بۆردوومان کران؛  بەگوێرەى شانەى رۆژنامەوانى قەیران لەو پارێزگایە یەک بریندارى لێکەوتووەتەوە.
 
یەکشەممە 22ى ئادارى 2026، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە دەستەی حەشدی شەعبی لە بابل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ سێ جار بنکەکانی لیوای 45ی حەشدی شەعبی لە ناوچەی جورف سەخر بۆردوومان کران."
 
لیواى 45 سەر بە کەتبیەکانى حیزبوڵڵاى عێراقە، یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانى نێو موقاوەمەى ئیسلامى، کە نزیکن لە کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە.
 
ناوچەی جورف سەخەر دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای پارێزگای بابل و ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە بارەگایان هەیە.
 
شانەى رۆژنامەوانى قەیران لە بابل لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە، ئەو بۆدروومانانە بە درۆن و فڕۆکەى جەنگى کراون و چەند شوێنێکى جیاوازیان کردووەتە ئامانج و ئەو بارەگایانەى بۆردوومان کراون پێشتر چۆڵ کراون بەڵام یەک کەس بریندار بووە.
 
دەستەى حەشدی شەعبی عێراق لەراگەیێنراوێکدا رایگەراند کە بەشى پزیشکى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانى جەزیرەى دەستەکەى لە جورف سەخر کردووەتە ئامانج و چوارجار هێرش کراوە و ئەو کەسەى بریندار بووە کارمەندى یەکەى پزشکی بووە و زیانى مادى بەر شوێنى بۆردوومانەکە کەوتووە.
 
هەر ئێوارەی ئەمڕۆش، هێرش کرایە سەر چەند بنکەیەکی حەشدی شەعبی لە ناوچەی عوکاشاتی خۆراوای ئەنبار، بەبێ ئەوەی زیانەکانی رابگەیێنرێت.