شەوی رابردوو 8 هێرش کراوەتە سەر ناوەندی پشتیوانی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە بەغدا


رووداو دیجیتاڵ

بە گوتەی بەرپرسێک لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، شەوی رابردوو بنکەی پشتیوانی دیپلۆماسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا رووبەڕووی 8 هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە. 
 
ئەو بەرپرسە گوتی: "8 هێرشەکە لە کاتی جیاوازدا و تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ کران و تێیاندا مووشەک و درۆن بەکارهێندرابوو."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بەشێک لە مووشەکەکان لە دەوروبەری بنکەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا  کەوتوونەتە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانییان لێ بکەوێتەوە و یەکێک لە درۆنەکانیش لە ناوچەی سەیدییەی نزیک فڕۆکەخانە کەوتووەتە سەر ماڵێکی هاووڵاتییەک و زیانی مادی هەبووە.
 
بەرپرسێکی پۆلیس گوتی، بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، لە ناوچەی جیهادی نزیک فڕۆکەخانە ئۆتۆمبێلێکیان دۆزیوەتەوە کە سەکۆیەکی مووشەکهاوێژی لەسەر بووە و لە هێرشەکاندا بەکارهێنراوە.
 
گرووپی ناسراو بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی 21 هێرشی مووشەکی و درۆنی لە 24 کاژێری رابردوودا راگەیاندووە.