پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی روومادی بەخێرایی بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

ھێشتا تەقینەوەو ئاسەواری داعش بە رێگەکاندا دیارە و وێرانەیی لە روومادی گەیشتووەتە لووتکە. بەڵام پرۆسەی نۆژەنکردنەو بەخێرایی بەڕێوەدەچێت و خەڵک دڵخۆشن بەم ھەنگاوانەی لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیان دەنرێت.
 
شەڕی داعش زیاتر لە 80%ـی ئەنباری وێرانکرد، ئێستا دوای نزیکەی پێنج ساڵ لەدەرھێنانی پارێزگەکە لە ژێر دەستی داعش ھەنگاوی خێرا بەرەو ئاوەدانکردنەوە دەنێت، باڵەخانە و شەقامی نوێ دروستدەکرێن و کۆمپانیا بیانییەکان پەلکێشی ئەو شارەدەکرێن، سەرکردەی سوننەکان بەتایبەتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی ئەو بەرەیە دەکات کە دەیانەوێت ئەنبار جیاوازتر لە پارێزگەکانی دیکە دەرکەوێت . 
 
دکتۆر عەلی دلێمی، پارێزگاری ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم بودجەیەی ئێستا تا رادەیەک باشە، دەتوانرێت بەشێکی ئەو پرۆژانەی پێ تەواوبکرێت کە لەبواری جێبەجێکردندان، بەتایبەتی ئەو پرۆژە نوێیانەی لەچوارچێوەی بودجەدا جێکراونەتەوە، لەوانە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەنبار کە زیاتر لە ملیارێک دیناری بۆ دابینکراوە کە پرۆژەیەکی زۆر گرنگە، ھەروەھا تەواوکردنی رێگەی روومادی ـ قائیم ـ کە بەرێگەی مەرگ ناسراوەو جێبەجێکردنی ئەوو دوو پرۆژەیە لەگەڵ پرۆژەکانی دیکە کە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە زۆر گرنگە".
 
کاتێک بەنێو روومادیدا تێدەپەڕیت گۆڕانکارییەک دەبیرنێت کە لە پارێزگەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا نییە. خەڵک دڵخۆشن بەم ھەنگاوانەی لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیان دەنرێت، چونک یەکەمجارە دەبینن ئەنبار دەبوژێتەوە، ھەرچەندە بێ گلەیی و گازندەش نین.
 
جاسم ئیبراھیم، دانیشتوویەکی روومادی بە رووداوی راگەیاند: "سوپاس بۆ خوا ئەو جووڵەیەی لە ئەنبار ھەیە زۆر زۆر باشە، گەر سەیری دووسێ ساڵ پێش ئێستا بکەین بەمجۆرە نەبوو، بەڵام ئێستا ئێوە دەبینن بەچاوی خۆتان پێشکەوتن ھەیە".  
 
هەروەها مەحمود خزەیر، دانیشتوویەکی دیکەی روومادی دەڵێت: "وەکوو دەبینن ئاشکرایە کە پێشکەوتنی زۆر باش ھەیە، سوپاس بۆ خوا ھیوادارین ئەم پێشکەوتنە بەردەوام بێت و پرۆژەکان تەواو بکرێن".
 
بەڵام عومەر سەلمان، دانیشتووی روومادی پێیوایە لەھەموو شتێک گرنگتر ئاسایشە. ئەو دەڵێت: "ئەوەی کە ئێستا پێویستە ھەبێت کارەبایە، ھەموو ساڵێک دەڵێن ساڵی دادێت چاکی دەکەین، ھیوادارین بەڵێنەکەیان بەرنە سەر، بەشێوەیەکی گشتی ئێستا لە رووی دروستکردنی باڵەخانە و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون زۆرباشە". 
 
لەیاسای بودجەی 2021 دا 600 دینار بۆ پارێزگای ئەنبار دابینکراوە جگە لەوەش وڵاتانی سوننە مەزھەب لەوانە سعودیە و ئیمارات دەستی ھاوکاریی و یارمەتییان بەردەوام بۆ درێژ دەکەن.