شانەى راگەیاندنى ئەمنى: ئەو ئۆتۆمبێلەمان سووتاند کە لێیەوە هێرش کرایە سەر هاوپەیمانان

 
رووداو دیجیتاڵ

شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلەیان لە نەینەوا سووتاندووە کە شەوى رابردوو لەسەریەوە مووشەک ئاڕاستەى بنکەیەکى هێزەکانى هاوپەیمانان لە رۆژئاوای کوردستان کرا، بەدواى ئەو کەسانەیشدا دەگەڕێن کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە کە بە "دەرچوو لە یاسا" ناویان دەبات.
 
ئەو هێرشە مووشەکییە لە سنووری زووممار لە پارێزگای نەینەواوە ئەنجامدراوە و بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان کراوەتە ئامانج.
 
شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق دەڵێت، "هێزەکانمان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى رۆژئاواى نەینەوا دەستیان بە گەڕان و پشکنین کرد بەدواى ئەو کەسانەى لە یاسا دەرچوون و هێرشەکەیان کردووە."
 
ئەوە یەکەمجارە لە 30ى کانوونى دووەمەوە گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران لە عێراقەوە هێرش بکەنە سەر بنکەکانى هاوپەیمانان. هێرشەکە کاژێر 21:50ى شەوى رابردوو ئەنجامدراوە.
 
شانەی راگەیاندنى ئەمنیی عێراق دەڵێت، "هێزەکانمان ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزیوەتەوە کە مووشەکەکانى لێوە هەڵدراوە و سووتاندویانە."
 
دوایین کاردانەوەى ئەمریکا بەرامبەر هێرشکردنە سەر بنکەکانى لە عێراق لە 7ى شوبات بوو، لە بۆردوومانێکدا ئەبوباقر ساعدی، یەکێک لە سەرکردەکانى کەتائیبی حیزبوڵڵاى عێراقى لە بەغدا کوشت.