دانیشتنى دادگە لەبارەى لەسەرکار لادانى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دواخرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ دووەمجار دادگەى کارگێڕی لە بەغدا دانیشتنى تایبەت بە سکاڵاى لەکارلادانى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەواى دواخست، کە بەهۆیەوە نزیکەى دوو مانگە ئەنجوومەنەکە کۆنەبووەتەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دانیشتنى دادگە 21ى نیسان کرا، یەکلاکردنەوەى دۆسیەکە بۆ 30ى نیسان دواخرا، ئەوە دوا دانیشتنى دادگەکە دەبێت.
 
رۆژی 5ی ئاداری 2025 بەبێ ئامادەبوونى ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەنگ لەسەر لادانى لە پۆستەکەى درا، لەدواى ئەوەى چەند پرسیارێکیان ئاراستە کرد لەبارەی رەوایەتى وەرگرتنى ئەو پۆستە.
 
محەممەد کاکەیی گوتى، "ئەحمەد حاسوود تانەى لەوە داوە، کە تێبینیەکان بۆ لادانى لە پۆستەکەی، دروست نەبوون."
 
رۆژی 9ى ئاداری 2025 لەسەر بنەماى سکاڵاکەى ئەحمەد حاسوود، دادگەى کارگێڕى فەرمانسالارییەکى دەکرد بۆ راگرتنى ئەو لەکارلادانە تاوەکو لەو دادگەیە سکاڵاکە یەکلادەکرێتەوە، بەو پێیە سەرۆکى ئەنجوومەن لە پۆستەکەیدا مایەوە.
 
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، "لەو رۆژەى کە  ئەنجوومەنى پارێزگا بڕیارەکەى داوە کۆبوونەوەى نەکردووە، هەرچەندە دووجار بانگەواز کرا بۆ کۆبوونەوە، بەڵام ئەو ئەندامانەى دەنگیان بۆ لادانى ئەحمەد حاسوود داوە ئامادە نەبوون بەشدارى کۆبوونەوەیەک بکەن، کە ئەو سەرۆکایەتى بکات."
 
ئەحمەد حاسوود، ئەندامى هاوپەیمانیی عەقدى وەتەنییە، کە فالح فەیاز، سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی سەرۆکایەتى دەکات.