سەرژمێری بۆ فرۆشیارە دەستگێڕەکانی عێراق دەکرێ

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی ئاماری عێراق، سەرژمێری بۆ دەستگێڕ و کۆفرۆشەکان دەکات.  دوایین جار 11 ساڵ لەمەوبەر ئەو سەرژمێرییە ئەنجامدراوە.
 
ئەو سەرژمێرییەی دەستەی ئاماری عێراق بۆ ساڵی 2026 دەبێت و سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بێ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرژمێرییەکە تایبەتە بە دەستگێڕ و  ئەوانەی لەسەر شۆستەکان کاڵا دەفرۆشن، لەگەڵ کۆفرۆشیارەکانى تایبەت بە فرۆشتنی جلوبەرگ، خۆراک، فەرش، ئامێری کارەبایی، خواردنەوەکان و کاڵای دیکە.
 
بۆ ئەو سەرژمێرییە فۆرمێک بەو فرۆشیارانە پڕدەکرێتەوە کە زانیاریی دیاریکراوی تێدایە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەبارەی سرووشتی کارەکەیان.
 
عەبدولزەهرە هینداوی رایگەیاند، دوایینجار ئەو سەرژمێرییە لە ساڵى 2015 لە عێراق کراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە نیوەی یەکەمی ئایاری داهاتوودا ئەو سەرژمێرییە لە بەغدا دەستپێبکات و لە سەرەتای مانگی حوزەیرانیش لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێ.
 
دەستەی ئاماری عێراق ساڵانە ئامار لەبارەی بەرهەم، پیشە و داهات لە سێکتەرە جیاوازەکان بڵاودەکاتەوە.