"دەنگۆی راگرتنی 500 ملیۆن دۆلاری عێراق لەلایەن ئەمریکاوە ماڵی شیعەی "شڵەژاندووە


رووداو دیجیتاڵ

لە گەرمەی پەرتەوازەیی نێو ماڵی شیعە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانێکی نزیک یان دوور لە ئێران، دەنگۆی هەڵپەساردنی ناردنی 500 ملیۆن دۆلاری داهاتی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، هێندەی دیکە ماڵی شیعەی شێواندووە.
 
هەرچەندە حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا ئەم هەواڵەی پشتڕاست یان رەت نەکردووەتەوە، بەڵام فراکسیۆنی سادیقوونی سەر بە عەسائیب ئەهلی حەق کە 28 کورسییان هەیە، داوای کۆدەنگی و هەڵوێستێکی بوێرانە دەکات.
 
حەبیب حەلاوی، ئەندامی فراکسیۆنی سادیقوون، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەمە بێزارکردنێکی داراییە؛ ئەمریکییەکان قووتی خەڵک و مووچە وەک کارتێکی گوشار دژی حکومەت بەکار دێنن تاوەکو ملکەچی داواکارییەکانیان بێت سەبارەت بە ئێران. وەک قورئان دەفەرموێت جوولەکە و نەسرانییەکان لێت رازی نابن تاوەکو شوێنیان نەکەویت؛ ئێمە پێویستمان بە بڕیارێکی بوێر هەیە بەرامبەر واشنتن."
 
لە ساڵی 2003ـەوە، بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکانی رژێمی بەعس و رێگری لە سپیکردنەوەی پارە، داهاتی نەوتی عێراق راستەوخۆ دەچێتە سەر لقی نیۆیۆرکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، ئەگەر واشنتن تێبینی یان کێشەیەکی نەبێت، راستەوخۆ پارەکە دەگوازرێتەوە بانکی ناوەندیی عێراق.
 
عەباس حەیال، پەرلەمانتاری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، جەخت لە سەروەریی عێراق دەکاتەوە و دەڵێت: "عێراق دەبێت خاوەن سەروەری بێت. ئەم رێوشوێنانەی ئیدارەی ئەمریکا و بڕینی هاوکارییەکان، لەگەڵ پرەنسیپە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان ناگونجێت. گەلی عێراق چ تاوانێکی هەیە؟ نەوتەکە هی عێراقە و مافی خۆمانە، نەک خێر و سەدەقەی ئەمریکا."
 
جگە لە رێگرییەکانی هەناردەی نەوتی عێراق لە تەنگەی هورمز، دابەزینی داهاتی نەوتی و نانەوتی و هەڵپەساردنی ناردنی 500 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوتی، هەر ئەم هەفتەیە ئەمریکا راگرتنی ناردنی هاوکارییە سەربازییەکانیشی بۆ عێراق راگەیاند.
 
بەهۆی ئەم رووداوانەوە، لایەنە عێراقییەکان لە بەرداشی نزیکی لە ئێران یان ئەمریکاوە، چاوەڕوانی رۆژانێکی سەخت و دژواری سیاسی و ئابوورین.