راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: نەگەیشتنى دۆلار پەیوەندی بە وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانەوە هەبوو
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی نەگەیشتنی دۆلاری فرۆشی نەوت لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە دەڵێ، ئەو دۆخە کاتی و کورتخایەنە و هۆکاری لۆجیستی هەبووە کە سەرەکیترینیان داخستنی گەشتە ئاسمانییەکان بوو.
چوارشەممە 22ی نیسانی 2026، موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی لەبارەی نەگەیشتنی دۆلار لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە بۆ عێراق باس دەکرێ، پەیوەندیدار بوو بە چەند هۆکارێکی لۆجیستی. سەرەکترینیان سنوورداربوونی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی فڕۆکەخانەکان بوو کە وایکرد گواستنەوەی دۆلاری کاش لە رێگەی ئاسمانییەوە ئەستەم بێت."
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا و عێراقەوە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رێگرییان لە ناردنی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری نەختینە کردووە کە بڕیار بووە لە رێگەى بانکى فیدراڵى ئەو وڵاتەوە بە فڕۆکەیەکی بارهەڵگر بگاتە بەغدا. ئەم پارەیە داهاتی فرۆشی نەوتی عێراقە کە لە هەژمارەکانی بانکی فیدراڵیی نیویۆرکدا کۆکراوەتەوە.
موزهەر محەممەد ساڵح دەڵێ، ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە بڕێکی کەمی خواست لەسەر دۆلار کە پەیوەندارە بە گەشتیارانەوە و نزیکەی 5%ى ئەو دۆلارەیە کە بانکى ناوەندى دەیخاتەڕوو؛ ئاماژەی بەوەشکرد، جیاوازى زۆر هەیە لەنێوان دۆلاری بانکی ناوەندی بۆ گەشتیاران لەگەڵ ئەو دۆلارەى بۆ بازرگانیی دەرەکى دەستەبەر دەکرێ.
بانکی ناوەندیی عێراق دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە بازرگان و گەشتیاران کە نرخەکەی لەنێوان 130 هەزار بۆ 132 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "ئەو وەستانەی دۆلار کاتی و کورتخایەنە و کێشەیەک نییە لە سیاسەتی نەختینەیی یان دەستەبەرکردنی دراوی بیانی بە شێوەیەکی گشتی و بەشی زۆری دەستەبەرکردنی دۆلار کە تایبەتە بە بازرگانیی دەرەکی و 95%ی دەستەبەرکردنی دۆلار پێکدەهێنێت بە شێوەیەکی سرووشتی و لە رێگەی بانکەکانەوە بێ وەستان بەردەوامە."
لە 28ی شوباتەوە تاوەکو 8ی نیسان ئاسمانی عێراق بە ڕووی گەشتەکاندا داخرا، ئەوەش بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.