کۆمیسیۆنی عێراق: تۆماری بایۆمەتری دەستیپێکردووە و تەنیا کارتی نیشتمانی دەوێت


رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایدەگەیێنێت، لە 20ی ئەم مانگەوە پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری دەستپێدەکات و لەدایکبووانی ساڵی 2008یش دەگرێتەوە. گوتەبێژی کۆمیسیۆنیش دەڵێت: "ناسنامەی باری شارستانی و بڕوانامەی رەگەزنامە بۆ تۆمارکردن وەرناگیرێن."
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، 22ـی نیسانی 2026بە رووداوی راگەیاند: "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، رۆژی 20ی نیسانی 2026 پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە 1079 بنکەی تۆمارکردن لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد."
 
تۆمارکردن کێ دەگرێتەوە؟
 
بە گوتەی جومانە غەلای، ئەم قۆناخەی تۆمارکردن ئەو دەنگدەرانە دەگرێتەوە کە پێشتر ناویان تۆمار نەکردووە، لەگەڵ لەدایکبووانی ساڵی 2008. رێکارەکان بریتین لە:وەرگرتنی پەنجەمۆری دە پەنجە و وێنەی کەسی، پێشکێشکردنی کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری و فۆرمی خۆراک.
 
کۆمیسیۆن دەڵێت:"بە هیچ شێوەیەک ناسنامەی باری شارستانی یان رەگەزنامە وەرناگیرێن."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن راشیگەیاند: "ئەوانەی فۆرمی خۆراکیان هەیە، پێویستە فۆرمی ساڵی 2021یان پێبێت، ئەگەر فۆرمی خۆراکیان نەبوو، پشت بە زانیارییەکانی باوک و دایک دەبەسترێت بۆ دیاریکردنی بنکەی دەنگدان، دەنگدەر دەتوانێت (ناو، بەرواری لەدایکبوون، یان وێنە) راست بکاتەوە، بەو مەرجەی کارتی نیشتمانی پێبێت" 
 
لەبارەی سڕینەوەی ناو، جومانە غەلای گوتی: "کەسوکاری مردووەکە دەتوانن بە بەڵگەی فەرمی (بڕوانامەی مردن یان قەسامی شەرعی) ناوەکە بسڕنەوە، بەڵام دەبێت کارتی بایۆمەتریی کۆچکردووەکە رادەستی کۆمیسیۆن بکەنەوە".
 
سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکان، جومانە غەلای روونیکردەوە کە تۆمارکردن بۆ ئەوانە دەبێت کە پێشتر ناویان تۆمار نەکراوە. گۆڕینی دۆخی دەنگدەر لە (گشتی بۆ تایبەت) پێویستی بە "ژمارەی ئامار" هەیە، بەڵام بۆ خانەنشینان و دەستلەکارکێشاوەکان دۆخەکە لە (تایبەتەوە بۆ گشتی) دەگۆڕدرێت.
 
کۆمیسیۆن راشیگەیاند، لەم قۆناخەدا رێگە بە گواستنەوەی شوێنی دەنگدان (لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە) نادرێت و ئەو بابەتە بۆ کاتێکی دیکە جێهێڵدراوە.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن داوا لە لەدایکبووانی 2008 و هەموو ئەو کەسانەی پێویستیان بە راستکردنەوە یان تۆمارکردنی ناو هەیە دەکات، سەردانی بنکەکانی تۆمارکردن بکەن و دەڵێت: "تیمەکانمان لە 1079 بنکە لە ئامادەیی تەواودان بۆ پێشوازیکردن لە هاووڵاتییان."