بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێندراو سەربازێکی عێراقی گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

بەیانیی ئەمڕۆ لە سنووری خورماتوو، بۆمبێکی چێندراو بە کاروانێکی سەربازیی سوپای عێراقدا تەقییەوە و بەهۆیەوە سەربازێک گیانی لەدەستدا، دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون. 
 
کاوە شێخانی، راوێژکاری ئەمنیی پارێزگاری سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند، "کاروانە سەربازییەکە بۆ ئەنجامدانی پشکنین لە سنووری گوندی حەفتییەی باشووری خورماتوو بەڕێکەوتبوون و بۆمبێکی چێنراویان پێدا تەقییەوە."
 
ئەو سەربازەی گیانی لەدەستداوە ناوی حوسێن خەزعەلییە و دانیشتووی پارێزگای میسانە، هاوکات دوو سەربازی دیکەش برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەی کۆماریی خورماتوو کران.