عێراق رووبەری ئاسمانی فڕۆکەوانیی مەدەنی فراوان و سەربازی تەسک دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، رووبەری ئاسمانی دیاریکراو بۆ فڕۆکەوانیی مەدەنی لە عێراق فراوان کردووە و ناوچەی ئاسمانی دیاریکراوی بۆ فڕۆکەوانیی سەربازی تەسک کردووە، "ئامانج لێی پەرەپێدانی هاتووچۆی ئاسمانی مەدەنییە لە عێراق."
 
رۆژی چوارشەممە 22ی ئایار عەباس سەبار ئەلبێزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێککەوتنێک لەنێوان کۆمپانیاکە و لایەنی سەربازیی عێراقی کرا بۆ فراوانکردنی رووبەری ئاسمانی دیاریکراو بۆ فڕۆکەوانی مەدەنی.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "پێش ئەم رێککەوتنە هەندێک ناوچەی ئاسمانیی تایبەت بە جووڵەی فڕۆکەوانیی سەربازی هەبوون لە عێراق، کە نەیاندەتوانی بەکاریبهێنن بۆ جووڵەی فڕۆکەوانیی مەدەنی."
 
ئەلبێزانی بە رووداوی گوت، "رێککەوتنەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش رێگەی زیاتر بۆ فڕۆکەوانیی مەدەنی دەکاتەوە."
 
پێشتر و لە راگەیێندراوێکی رۆژنامەڤانیدا، ئەلبێزانی ئاماژەی بەوە دابوو کە ئەم رێوشوێنە یارمەتیدەر دەبێت بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هاتووچۆی فڕۆکە مەدەنییەکان و کردنەوەی دەرگای هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەوانیی مەدەنی بۆ بەکارهێنانی زیاتری ئاسمانی عێراق.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەلبێزانیدا هاتبوو، پێشبینی دەکرێت ئەم کەمکردنەوەیە لە ناوچەی ئاسمانی دیاریکراو بۆ فڕۆکەوانی سەربازی، شێواندن لە سیستمی جیهانی جی پی ئێس (GPS) کەم بکاتەوە، کە زیاتر رووبەڕووی رۆژئاوای عێراق بووەتەوە.