تۆمارى کۆتایی کۆمیسیۆن: 41 هاوپەیمانێتى دەیانەوێت بەشداریى هەڵبژاردن بکەن


رووداو دیجیتاڵ 

تاوەکو دوایین رۆژى تۆمارى پارت و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، 41 هاوپەیمانى کۆن و نوێ خواستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پێشانداوە، بەڵام 11یان پەسەندکردنیان ماوە.
 
بە گوێرەى ئامارى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، تاوەکو کۆتایی دەوامى فەرمیی پێنجشەممە، 22ى ئایارى 2025، کە دوا وادە بوو بۆ تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتیەکان، لە کۆى 343 پارتى مۆڵەتپێدراو، 118 یان ویستى بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن پێشانداوە.
 
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو پارتانەى دیکە بەڵگەنامەى دامەزراندیان هەیە لەکاتى پێشکێشکردنى لیستى بەربژێران، وەک پارتى بەشداربوو لە هەڵبژاردن هەژمار دەکرێن. 
 
تاوەکو ئەمڕۆ لە 66 هاوپەیمانێتى پێشوو، 25 یان ویستیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن پێشانداوە و پێنج هاوپەیمانێتى نوێ پەسند کراون.
 
11 هاوپەیمانێتى نوێى دیکە لە چاوەڕوانى پەسندکردندان. جومانە غەلاى دەڵێت: "ئەو 11 هاوپەیمانێتییە مامەڵەکانیان پێشکێشکردووە و تەنیا پەسندکردنیان ماوە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە."
 
هاوکات 16 لیستى سەربەخۆ ویستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پێشانداوە کە 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ دەکرێت.
 
لە 25ـى ئادارى 2025، کۆمیسیۆن دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کردەوە و دواى جارێک درێژکردنەوە، تۆماری نوێکردنەوە تاوەکو 23ى ئایار بەردەوام دەبێت کە هەزار و 79 ناوەند بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراون.