تێپەڕبوونی ئاژەڵی سووری بە خاکی عێراقدا قەدەخە کرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە شێوەیەکی کاتی تێپەڕبوونی ئاژەڵی زیندووی لە سووریاوە بە خاکەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو راگرت، ئەوەش بە مەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تەبەق.
هەینی 22ی ئایاری 2026، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، ئەو رێکارە کاتییە بۆ خۆپارێزییە و رێگە نادرێت ئەو ئاژەڵانە لە سووریاوە بە ترانزێت بە عێراقدا تێپەڕن بەرەو وڵاتانی کەنداو.
ئەو وەزارەتە لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاندووە، بڕیارەکە لە دوای ئەوە بووە زانیاریی وردیان پێگەیشتووە کە نەخۆشیی تەبەق لەنێو مانگا و مەڕوماڵاتی چەند پارێزگایەکی سووریا بڵاوبووەتەوە.
تەبەق نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، تووشی ئاژەڵ دەبێت و ژێر سمی ئاژەڵەکە بریندار دەکات. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، نەخۆشیی تەبەق خێراترین نەخۆشیی ڤایرۆسییە بۆ بڵاوبوونەوە لەنێو ئاژەڵاندا.
وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، ئەو رێکارە بەپەلەیە ئامانج لێی پاراستنی سامانی ئاژەڵی ناوخۆیی و رێگرییە لە دزەکردن یان گواستنەوەی پەتاکە و ئەو رێکارە تەندروستی و ڤێتێرنەرییە بە تووندی و بەبێ جیاکاری لەسەر هەموو وڵاتان جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای راپۆرتی فەرمی تایبەت بە چاودێریی پەتا.
بەگوێرەی ژووری بازرگانیی سووریا، ئەو وڵاتە پەنای بردووەتە بەر عێراق بۆ هەناردەکردنی ئاژەڵ بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت سعودیە، لەبری تێپەڕبوونی بە ئوردن کە گومرگی سەر ئەو ئاژەڵانەی زیادکردووە.