سێ دەریاوانی عێراقی لە نێوان ئێران و ئیماراتدا بێسەروشوێن دەبن

رووداو دیجیتاڵ

سێ دەریاوانی عێراقی لە نێوان سنووری دەریایی ئێران و ئیمارات بێسەروشوێن دەبن. کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق دەڵێت، ئەو کەشتییەی ئەو دەریاوانانەیان لەسەر بووە، نەهاتوونەتە ناو سنووری دەریایی عێراقەوە.
 
خالید سەعالیبی، سەرۆکی دامەزراوەی دەریاوانانی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو سێ کەشتیوانە عێراقییە خەڵکی بەسرەن و لە نێوان 10 بۆ 11ی ئایار بێسەروشوێن بوون.
 
زیا ئەسەدی، زیا عەبدولناسر، حەیدەر رەحمان، ئەو سێ کەشتیوانە عێراقییەن کە بێسەروشوێنن؛ ئەوان لەسەر کەشتیەکى بچووکی گواستنەوە کاریان کردووە.
 
خالید سەعالیبی رایگەیاند، کەشتییەکەیان لە سنووری ئاوی ئێران و بە دیاریکراوی لە دوورگەی کیشەوە بەرەو بەندەرەکانی ئیمارات رۆیشتووە و لەو نێوانەدا هەواڵیان نەماوە، ئەوەش دوای ئەوەی داواکاریی بەهاناوەچوونیان کردووە؛ ئێستا نازانرێت هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکەیان یان نقووم بوون.
 
ئەو سێ کەشتیوانە عێراقییە، لەگەڵ شەش کەشتیوانی بیانی لەسەر دوو کەشتی کاریان کردووە و سەرجەمیان بێسەروشوێنن.
 
21ی ئایاری 2026، هۆزی بەنی ئەسەد لە بەسرە لە پەیامێکدا داوایان لە سەرۆکوەزیرانى عێراق کرد بەدوای چارەنووسی ئەو سێ کەشتیوانەدا بگەڕێن، کە سەر بەو هۆزەن و لەسەر دوو کەشتی کاریان دەکرد بە ناوی (بریج یەک) و (بریج دوو) کە هەڵگری ئاڵای بۆلیڤیان.
 
کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق رۆژی هەینی رایگەیاند، سەرجەم یەکەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ گەڕان بەدوای ئەو دوو کەشتییە لە سنووری دەریایی عێراق، بەڵام هیچ بانگەوازێکی بەهاناوەچوون لەو کەشتییانەیان پێ نەگەیشتووە.
 
ئەو کۆمپانیایە رایگەیاند، دوو کەشتییەکە نەچوونەتە ناو سنووری ئاوی عێراقەوە و زانیارییان لەسەر شوێنی ئێستاشیان نییە.
 
بەهۆی گرژییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، جووڵەی کەشتی لە تەنگەی هورمز و سنوورە دەریاییەکانی کەنداو ئاستەنگی بۆ دروست بووە.