بەرگریی شارستانیی عێراق بۆ رووداو: ئاگرکەوتنەوە 85% کەم بووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا ئاگرکەوتنەوە 85% کەمیکردووە. هەروەها دەڵێت، زیاتر لە 11 هەزار شوێن و باڵەخانەیان داخستووە کە مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نەبووە.
هەینی 22ی ئایاری 2026 نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکاری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بەراورد بە پار، رێژەی ئاگرکەوتنەوە 85% کەمیکردووە.
نەواس سەباح شاکر هۆکاری کەمبوونەوەکەی بۆ تووندکردنی رێکار و مەرجەکانی سەلامەتی بەسەر شوێنکارەکاندا گەڕاندەوە.
نەواس سەباح شاکر رایگەیاند کە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 11 هەزار و 70 باڵەخانە و شوێنی جیاواز لەلایەن بەرگریی شارستانیی عێراقەوە داخران، بەهۆی ئەوەی مەرجی سەلامەتییان تێدا نەبووە و لە دوای گرتنەبەری رێوشوێنەکان 90%ی ئەو شوێنانە کراونەتەوە.
بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان، ئەو باڵەخانانەی مەرجی سەلامەتییان تێدا نییە، سزای پێبژاردنیان بەسەردا دەسەپێنرێت و رێگەشیان پێنادرێت بکرێنەوە تاوەکو مەرجەکان جێبەجێ دەکەن.
لە ساڵی 2025دا نزیکەی پێنج هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمارکراون، لەکاتێکدا لە ساڵی 2023دا ژمارەکە گەیشتبووە زیاتر لە 32 هەزار رووداو.