لە بەغدا دەست بەسەر 300 محاویلەی کارەبای قاچاخدا دەگیرێت

رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە بەغدا، دەستیان بەسەر 300 محاویلەی کارەبای قاچاخدا گرتووە و دوو تۆمەتباریشیان دەستگیرکردووە، کە یەکێکیان فەرمانبەری حکومییە.
 
رۆژی هەینی، 22ـی ئایاری 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای بەدەستگەیشتنی زانیاریی هەواڵگریی ورد و چاودێریکردنێکی مەیدانی، مەفرەزەکانمان لە بەغدا توانیویانە لەنێو گەراجێکدا دەست بەسەر 300 محاویلەی کارەبای قاچاخدا بگرن."
 
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە (تۆڕی میدیایی رووداو) رایگەیاند: "ئەرکەکە سەرەتا بە زانیارییەکی هەواڵگری دەستیپێکرد کە گەیشتە فەرمانگەی ئاسایشی بەغدا - بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سەدر لە رۆژهەڵاتی بەغدا؛ دوای بەدواداچوون و دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکان و وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر، دەست بەسەر محاویلەکاندا گیرا."
 
سەبارەت بە ناسنامەی دەستگیرکراوەکان، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی گوتی: "دوو کەس دەستگیرکراون، یەکێکیان فەرمانبەری حکومییە و ئەوی دیکەیان خاوەن گەراجەکەیە." ئاماژەی بەوەش کرد جگە لە محاویلەکان، دەست بەسەر 45 بۆردی کارەبا، رافیعەیەک و ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا گیراوە.
 
ئەرشەد حاکم رایگەیاند، تۆمەتبارەکان لە بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانین بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی باندەکانی قاچاخچێتی و ئەو کەسانەی زیان بە ئابووریی نیشتمانی و سامانی گشتیی وڵات دەگەیێنن.