وەزیری نەوتی عێراق بۆ رووداو: هەناردەکردن لە رێگەی هورمزەوە ناگاتە 10٪ی بڕی پێشوو


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێ، ئێستا تاکە دەروازەی هەناردەکردنی بەردەوامی نەوت لە رێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوەیە بۆ جەیهان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو بڕە نەوتەی ئێستا لە رێگەی هورمزەوە هەناردە دەکرێ، کەمترە لە 10٪ی دۆخی ئاسایی.
 
رۆژی هەینی، 22ی ئایاری 2026، باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گرێبەستیان بۆ فرۆشتن و هەناردەکردنی 200 ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕێگەی تەنگەی هورمزەوە کردووە، "بەڵام کۆمپانیاکان دوودڵن و ناتوانن سەرکێشی بە کەشتی و تیمەکانیانەوە بکەن بۆ تێپەڕین بە رێڕۆ ئاوییەکەدا."
 
لە 18ی ئاداری 2026، دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێکردەوە.
 
بەگوتەی وەزیری نەوت، لەم دۆخەدا هەناردەکردنی نەوت بە بەردەوامی تەنیا لە رێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوەیە کە نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.
 
لەبارەی هەناردەکردن لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە، وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوە کرد کە هەرچەندە هەناردەکردن هەبووە، "بەڵام ناگاتە 10٪ی ئەو بڕەی کە لە رابردوودا لە رێگەی تەنگەکەوە هەناردە دەکرا."
 
وەک باسم محەممەد ئاماژەی پێدەکات، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی نەوتی راسپاردووە کە دەروازەکانی هەناردەی نەوت هەمەجۆر بکات و بڕی هەناردەکردنیش زیاد بکات؛ دەشڵێت، "لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆریی نیشتمانیی کەرکووک – جەیهان دەکەوێتەوە کار."
 
بەگوێرەی بڕیارێک کە 21ـی تەممووزی 2025، بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە، رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە رۆژی 27ـی تەممووزی 2026ـەوە کۆتایی پێدێت.
 
وەزیری نەوت لەوبارەیەوە گوتی: "دوێنێ لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا کۆبوومەوە و هەردوولا ئامادەییمان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی بۆرییەکە هەیە. دوای جەژنیش دانوستاندنەکان دەستپێدەکەنەوە."
 
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی هەناردەکردن لە رێگەی تەنکەریشەوە قسەی کرد و گوتی، ئەوەی هەناردەی سووریا دەکرێ تەنیا نەوتی رەشە، بەڵام کار بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو دەکەن لە رێگەی وشکانییەوە و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی سووریا کردووە.