داوا دەکرێت "عەجاج" لە نوگرەسەلمان لەسێدارە بدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ "عەجاج تکریتی" بە تۆمەتی جینۆساید لە نوگرەسەلمان، پارێزەری کەسوکاری ئەنفالکراوان رایدەگەیێنێت، داوا دەکەن سزاکە لە هەمان ئەو شوێنە جێبەجێ بکرێت کە تاوانەکەی تێدا کردووە. دەشڵێت، بەپێی یاسا، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت سزاکەی بۆ سووک بکات.
 
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری کەسوکاری ئەنفالکراوان لە دۆسیەی (عەجاج)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق گەیشتە ئەو بڕوایەی ئەوەی عەجاج کردوویەتی جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتییە، بۆیە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. بەپێی ئەو بەڵگە حاشاهەڵنەگرانەی لەبەردەستدان، تەنانەت لە دادگەی پێداچوونەوەشدا (تەمیز) هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر بڕیارەکەدا نایەت."
 
رۆژی 14ی ئایاری 2026، دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ "عەجاج ئەحمەد حەردان زوعیتەر عوبەیدی" دەرکرد. بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگە کە وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە، عەجاج مەحکوم کراوە بە کوشتنی 1068 دەستبەسەرکراو لە رێگەی برسیکردن، تینوکردن و ئەشکەنجەدان تاوەکو رادەی مردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی خێزانەکان و منداڵەکانیان و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنانی دەستبەسەرکراو لە نوگرەسەلمان.
 
ئەیاد کاکەیی ئاشکرای کرد، وەک لایەنی پارێزەر داوایەکی فەرمی ئاراستەی خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق دەکەن، "داوا دەکەین عەجاج ببرێتەوە بیابانی نوگرەسەلمان و لەوێ لەسێدارە بدرێت؛ لەو شوێنەی کە ئەو هەموو تاوانە دڕندەییەی بەرامبەر بە کوردانی ئەنفالکراو تێدا کردووە."
 
بەپێی روونکردنەوەی پارێزەر ئەیاد کاکەیی بۆ رووداو، رێکارەکان بەم شێوەیە دەبن:
 
- دۆسیەکە دەچێتە دادگەی پێداچوونەوە و دەبێت لەماوەی 30 رۆژدا یەکلایی بکرێتەوە.
- دواتر رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار دەکرێت بۆ دەرکردنی "مەرسوومی کۆماری."
- لە کۆتاییدا وەزارەتی داد کاتی جێبەجێکردنی سزاکە دیاری دەکات کە نابێت لە 30 رۆژ تێپەڕێت.
 
بەپێی یاسای دادگەی باڵای تاوانەکان، نە سەرۆککۆمار و نە سەرۆکوەزیران، دەسەڵاتی ئەوەیان نییە سزاکە سووک بکەن یان لێخۆشبوونی بۆ دەربکەن.
 
عەجاج تکریتی، کە لە 31ی تەممووزی 2025 دەستگیرکرا، یەکێکە  "دڕندەترین" ناوەکانی مێژووی ئەنفال. لە 7ـی ئەم مانگەدا، 26 شایەتحاڵ و رزگاربووی ئەنفال لەبەردەم دادگەدا گەواهییان لەسەر تاوانەکانی دا و وردەکاریی ئەو نەهامەتیانەیان گێڕایەوە کە لە قەڵای نوگرە سەلمان بەسەریاندا هاتووە.