11 تەرم لە موسڵ دۆزرانەوە

رووداو دیجیتاڵ 

کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتى بەرگریى شارستانى نەینەوا 11 تەرمى نەناسراویان لەژێر داروپەردووى چەند خانوویەکى رووخاوى شارى موسڵ دەرهێنایەوە، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش دەڵێت: "ئەو کەسانە لە شەڕى داعشدا کوژراون".
 
رۆژی 22ى حویزەرانى 2023 سەعد جبورى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەرگریى شارستانیى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تیمێکى بەرگریی شارستانى لە ناوچەى مەیدانى شارى موسڵ، 11 تەرمیان دەرهێنایەوە کە لە ژێر داروپەردووى خانووى رووخاودابوون و تەرمەکان رادەستى دادپزیشکى کران.
 
سەبارەت بە ناسنامەی تەرمەکان، سەعد جبوورى گوتى: "تەرمەکان نەناسراو و ناسنامەشیان لەگەڵ نەبووە، بەگوێرەى پێشبینیەکان لەشەڕى داعشدا لەساڵى 2017 کوژراون".
 
ئەو تەرمانە لەلایەن رێکخراوێکەوە دۆزراونەتەوە کە کاریان هەڵگرتنەوەى پاشماوەکانى جەنگە لەو ناوچەیەدا.
 
20ى حوزەیرانى 2023 نۆ تەرمى دیکە لەلایەن تیمەکانى بەرگرى شارستانى نەینەوا لە هەمان ناوچە دەرهێندرانەوە.
 
لەساڵى 2014 ەوە بۆ 2017 شارى موسڵ لەژێر دەسەڵاتى رێکخراوى داعش بوو، بەر لەوەى لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى عێراق و بەهاوکارى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى داعش، شارەکە رزگار بکرێت.