وەزارەتی بازرگانیی عێراق: گرژیی ناوچەکە کاریگەری لەسەر بازاڕی نێوخۆ نەبووە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، جەنگی ئێران و ئیسرائیل کاریگەری لەسەر بازاڕی عێراق دروست نەکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کاڵای ئێرانی هاوشێوەی رابردوو لە بازاڕەکاندا بەردەستە.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هیچ کەمبوونەوەیەک لە بڕی کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی عێراق بەدی نەکراوە."
 
محەممەد حەنوون گوتی: "پار قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران لەنێوان 10 بۆ 12 ملیار دۆلار بوو، ئەوەش واتای ئەوەیە بازاڕی عێراق تاوەکو رادەیەکی زۆر پشت بە کاڵای ئێرانی دەبەستێت، بەتایبەت لە بواری خۆراک و کەرەستەی بیناسازی. بۆیە وەزارەت بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات، چونکە هەر کەمبوونەوەیەک لە هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ". 
 
سەبارەت بە ئاسایشی خۆراک، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی گوتی، حکومەت پلانی خۆی هەیە و گوتی: "ئەو مادە سەرەکییانەی لە چوارچێوەی سەبەتەی خۆراکدا دابەش دەکرێن، هیچ کامیان ئێرانی نین. زۆربەیان لە بەرازیل، ئەمریکا، ئەرجەنتین و تورکیاوە هاوردە دەکرێن؛ بۆیە لە رووی سەبەتەی خۆراکەوە هیچ پشتبەستنێکمان بە ئێران نییە."
 
محەممەد حەنوون گوتی: "تاوەکو ئێستا بازاڕی عێراق جێگیرە. کاڵاکان بەتایبەت خۆراک بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەستن و هیچ کێشەیەک نییە، چونکە پشت بە چەندین سەرچاوەی جیاواز دەبەسترێت."