گەشتەکانى فڕۆکەخانەى بەسرە ماوەیەک وەکو "رێکارى خۆپارێزی" راگیران

 
رووداو دیجیتاڵ

گەشتەکانى فڕۆکەخانەى بەسرە بۆ ماوەیەک راگیران و دواتر دەستیان پێکردەوە. بەگوێرەى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق، راگرتنەکە "رێکارى خۆپارێزى" بووە.
 
راگرتنى گەشتەکان لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەسرەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 22ى حوزەیران بوو.
 
مەیسەم سافى، گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بە رووداوى راگەیاند، راگرتنى گەشتەکان بۆ ماوەى کاژێرێک بووە و دواتر دەستیان پێکردووەتەوە.
 
ئێستا گەشتە ئاسمانییەکانى چوون و هاتن لە عێراق تەنیا لە رێگەى فڕۆکەخانەى بەسرەوە دەکرێن، ئەوەش بەهۆى داخستى فڕۆکەخانەکانى دیکە، هۆکارى داخستنیشیان جەنگى نێوان ئیسرائیل و ئێرانە.
 
مەیسەم سافى گوتى، "راگرتنى گەشتەکان لە فڕۆکەخانەى بەسرە رێکارێکى خۆپارێزی بوو."
 
لە 13ى حوزەیرانەوە کە جەنگ لەنێوان ئێران وئیسرائیل هەڵگیرسا، عێراق ئاسمانەکەى بە رووى گەشتەکان داخست.
 
کارکردنى فڕۆکەخانەى بەسرە بۆ گەڕاندنەوەى ئەو کەسانەیە کە بەر لە دەستپێکردنى جەنگ گەشتیان بۆ دەرەوە کردبوو و نەیانتوانیبوو بگەڕێنەوە.