قوتابخانەکان لە 5 تاوەکو 13ـی تشرینی دووەم رادەستی کۆمیسیۆن دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی عێراق بڕیاری دا بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک قوتابخانەکان رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکرێن. کۆمسیۆن دەڵێت، زیاتر لە 8 هەزار ناوەندی دەنگدان و 40 هەزار وێستگەی دەنگدان هەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، کە ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025 بڵاوکراوەتەوە، بۆ مسۆگەرکردنی پێداویستییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەزیری پەروەردە داوای لە کارگێڕیی قوتابخانەکان کرد قوتابخانەکانیان رادەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بکەن، بە مەبەستی ئامادەکردنیان وەک بنکەی دەنگدان لە ماوەی نێوان 5ـی تشرینی دووەمی داهاتوو تاوەکو 13ی هەمان مانگ.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ هەڵبژاردن وەک ژمارەی بەرایی نزیکەی 8 هەزار و 788 ناوەندی دەنگدان هەن، ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانیش 40 هەزار و 819 وێستگەن لەهەموو پارێزگاکانی عێراقەوە، بەڵام ئەمە کۆتایی نییە و رەنگە ژمارەکان بگۆڕێن.
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن، نزیکەی 8 ملیۆنی دیکە بەهۆی نەبوونی کارتی بایۆمەتری مافی دەنگدانیان نییە، چونکە مەرجی سەرەکی بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان بوونی کارتی بایۆمەترییە.
بڕیارەی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت.