کامێرای رووداو ژیان لە شاری مووسڵ لەژێر دەسەڵاتی داعش دەگوازێتەوە
رووداو - مووسڵ
کامێڕای تۆڕی میدیایی رووداو دەگاتە ناو شاری مووسڵ و بۆ یەکەمجار لەدوای کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە چرکەساتەکانی ژیانی رۆژانە لە مووسڵ تۆماردەکات.
لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە چەکدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) توانیویانە ئەو شارە و بەشێکی زۆر لە شارۆچکە و گوندەکانی سەر بەو پارێزگایە کۆنترۆڵ بکەن. وەک لەم ڤیتییەی رووداودا دەردەکەوێت لەنێو شاری مووسڵدا ژنان بە دەگمەن لەسەر شەقام دەبیندرێن.
سوپای عێراق رۆژی ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لەم شارەدا بەرامبەر داعش دۆڕا. مووسڵ، ئەو شارەی سەردەمێک قوماشەی هەناردەی ئەوروپا دەکرد و مۆسیقاژەنەکانی لە پایتەختە گەورەکانی جیهاندا دەردەکەوتن، ئێستا دانیشتووانی تەنیا دەیانەوێ بژین. ئەم شارە لە مانگی ئابدا بارانی تێدا نابارێت، ئاستی مامناوەندیی گەرماش تێیدا ٤٢ پلەیە، بەڵام پێناچێت پلەی گەرما توانیبێتی ئەم بازاڕە ساردوسڕە گەرم بکاتەوە.
خەڵکی مووسڵ لە هەڵسوکەوتی سوپای عێراق نیگەران بوون و دەترسان خراپتریان بەسەربێت، کەچی ئەوەی لێی دەترسان لەلایەن سوپای عێراقەوە نا، بەڵکو ئەو چەکدارانە بەسەر شارەکەیان هێنا کە لە شەو و رۆژێکدا مووسڵیان کۆنترۆڵکرد. لە مووسڵ کورد و عەرەب و کلدوئاشوور و تورکمان دەژیان. کڵێسای کریستیانەکان لەتەنیشت مزگەوتی موسڵمانان بوو. شارێک بوو جیاوازبوو لەوەی ئێستا لەسایەی خەلافەتی داعشدا دەبیندرێت.
کامێرای تۆڕی میدیایی رووداو بە شەقامەکانی مووسڵدا دەگەڕێت. ئەو مووسڵەی ساڵێک پێش ئێستا لە زوومی کامێراکانی رووداودا دەردەکەوت وەکو ئەو مووسڵەی ئێستا نییە کە دیسان دەکەوێتەوە بەر زوومی ئەو کامێرایانە. لەم شەقامانەدا ژنان بە دەگمەن دەبیندرێن. دوای تەقاندنەوەی مزگەوتی یونس پێغەمبەر، ئەم ژنانە دەبێ مووی سەریان داپۆشن و دەبێ پیاوانیش مووی روخساریان درێژبکەن. ئەم شەقامانە کە جاران موسڵمانی سووننە و شیعە لەتەنیشت ئێزدییەک و کریستیانێک پێیاندا تێدەپەڕین، چیدیکە ئەو هەمەڕەنگییەیان تێدانییە. کوردە شەبەکەکان کڕیاری میوەی میوەفرۆشانی ئێرە نەماون.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری مووسڵدا رۆژانە تەرمی چەکدارانی داعش دەهێندرێنەوە و نەخۆشخانەکانیش پڕبوون لە بریندارانی ئەو گرووپە. بەڕادەیەک، کە وەک هەندێک شایەتحاڵ باسیدەکەن، نەخۆشی ئاسایی لە نەخۆشخانەکان دەردەکرێن و شوێن بۆ بریندارانی داعش بەتاڵدەکەن.
مووسڵاوییەکان بە قسەزانی بەنێوبانگن و ساڵێک پێش ئێستا بەخۆشییەوە قسەیان بۆ رووداو دەکرد، بەڵام ئەمجارە نایانەوێ لەبەردەم کامێراکەیدا قسەبکەن. لێرە ئینتەرنێت نییە و پەیوەندیکردن بە دنیای دەرەوە زەحمەتە.
ئێرە دووەمین شاری گەورەی عێراقە. شارێک کە زۆرتر لە یەک ملیۆن دانیشتووی دابڕاوە لە عێراق و باشووری کوردستان. هەرچەندە چەکدارانی داعش بەکەمی لەسەر ئەم شەقامانە دەبیندرێن، بەڵام بێدەنگی باڵی بەسەر خەڵکی ئەم شارەدا کێشاوە. بێدەنگییەک کە دیارنییە بێدەنگیی بەر لە گەردەلوولە یان بێدەنگیی رازیبوونە بە چارەنووس.