بەشەخۆراکى 40 هەزار کەس رادەگیرێت و ناوی 73 هەزار مردووش دەسڕدرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە چوار پارێزگارى عێراق بەشە خۆراکى نزیکەى 40 هەزار کەس رادەگیرێت کە لەدەرەوەى وڵاتن و ناوى زیاتر لە 72 هەزار مردووش لە فۆڕمى خۆراک دەسڕدرێتەوە. پارێزگاى دهۆک دووەم زۆترین نوێکردنەوەی زانیارى ئەو فۆڕمەى تێدا کراوە.
 
وەزارەتى بازرگانیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە سنوورى هەر چوار پارێزگاى دهۆک، بەغدا، نەجەف، کەرکووک ناوى 39 هەزار و 304 کەس لە فۆڕمى  بەشەخۆراکى مانگانە راگیراوە.
 
رۆژی 22ى ئابى 2023 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەوانەى کە لە دەرەوەى وڵاتن بەشە خۆراکى مانگانەیان وەک یەکێک لە ئەندامانى خێزانەکەى  هەڵدەپەسێردرێت نەک بسڕدرێتەوە، تاوەکو ئەو کاتەى دەگەڕێنەوە و بەڵگەنامەکنیان پێشکێش دەکەن."
 
بەگوێرەى ئامارەکەى وەزارەتى بازرگانیی عێراق، لەو چوار پارێزگایە ناوى 73 هەزار و 220  کەس سڕدراونەتەوە کە مردوون و ناویان لە فۆڕمى خۆراکدا ماوە.
 
وێکردنەوەى زانیارى فۆڕمى خۆراک لەلایەن خێزانەکانەوە لەعێراق  لە نەجەف و کەرکووک و بەغداو دهۆک دەکرێت، وەک قۆناخى سەرەتایی بەمەبەستى دروستکردنى کارتى ئەلیکترۆنى فۆرمى خۆراک  لەبرى فۆڕمى کاغەزى کە ئێستا کارى پێدەکرێت.
 
لەو چوار پارێزگایە، دهۆک لە پلەی دووەمدایە لە رووى نوێکردنەوەى زانیارى فۆڕمى خۆراک، کە 262 هەزار و 418 خێزانن، واتە 93%ى تەواوى خێزانەکانى ئەو پارێزگایە زانیارییەکانیان نوێ کردووەتەوە، لە نەجەفیش ئەو رێژەیە گەیشتووەتە 97%.