لە عێراق کەسێک لەسەر دزینی نۆ ملیار دینار بە 42 ساڵ بەندکردن سزا دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی تاوانی رەسافە تۆمەتبارێکی بە 42 ساڵ سزا دا، ئەمەش دوای ئەوەی تۆمەتی دزینی نزیکەی 9 ملیار دۆلاری لە چوار بانکدا بەسەریدا ساخ بووەوە.
 
رۆژی 22ى ئابى 2023 دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکارى ئەو دۆسیەیەى بڵاوکردەوە، کە لەلایەن دادگەى تاوانى رەسافەى تایبەت بە دۆسیەکانى گەندەڵى دەرکراوە.
 
ئەو تۆمەتبارە لە چوار هەژمارى بانکى و بەهاوکارى چەند تۆمەتبارێکى دیکە، کە دووانیان فەرمانبەرى بانکى رافیدەین بوون، بڕى هەشت ملیار و 985 ملیۆن دینارى بردووە، بەبێ ئەوەى لەلایەن بانکى رافیدەینەوە فەرمان بۆ ئەو بانکانە نێردرابێت بۆ راکێشانى پارەکە یان ئاماژە بێت بۆ ئەوەى کە ئەو بڕە پارەیەى تۆمەتبارەکە لە بانکەکە هەیەتى بگاتە ئەو بڕە پارەیەى لەو چوار بانکە رایکێشاوە.
 
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەشداوە کە تۆمەتبارەکە هەڵاتووە و بە گوێرەى چوار مادەى یاساى سزادانى عێراق سزادراوە، سەرجەم سزاکانیش کە لەسەر بنەماى شەش بڕیارى دادگە بوون، دەگاتە 42 ساڵ بەندکردن. 
 
تۆمەتبارەکە ئەو پرۆسەیەى لە رێگەى دروستکردنى چەکى بانکى کردووە و بەگوێرەى بڕیارى دادگە دەست بەسەر موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواسراوەکانیدا کەسەکەدا گیراوە.