دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق: لە هەولێر 11 کەس بەتۆمەتى بەقاچاخبردنى دۆلار دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق رایگەیاند؛ بەهاوئاهەنگى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان لە شارى هەولێر 11 کەسیان بە تۆمەتى بە قاچاخبردنى دۆلار دەستگیرکردووە.
رۆژی 22ى ئابى 2023، دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە هاوئاهەنگى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ راوەدونانى قاچاخچیەکانى دۆلار، ئەو 11 تۆمەتبارەیان لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەستگیرکردووە.
دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق رایگەیاندووە، دەستگیرکردنى ئەو 11 کەسە لەسەر بنەما دانپێدانانى ژمارەیەک تۆمەتبارى دیکە بووە، کە پێشتر لە بەغدا دەستگیرکراون، کە گوایە ئەو 11 قاچاخچییەى دۆلار لە هەرێمى کوردستانن.
بەگوێرەى راگەیێدراوەکە، دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق بەهاوبەشی لەگەڵ لایەنى هەرێمى کوردستان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەو تۆمەتیارانە کردووە و رادەستى دادگە کراون بەمەبەستى گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایی لەدژیان.