هەشت ملیۆن زیارەتکار بۆ یادی عاشوورا چوونەتە کەربەلا

 
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە هەشت ملیۆن زیارەتکاری عێراقی و بیانی بۆ بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن سەردانی کەربەلایان کردووە. 
 
لەو هەشت ملیۆنە زیارەتکارە زیاتر لە چوار ملیۆنیان، زیارەتکاری ئێرانی، ئەفغانی، فەڵەستینی و لوبنانین و تامەزرۆی بینینی مەزارگەی ئیمامەکەیانن. 
 
یاسەمین موحسن خەڵکی لوبنانە و دەڵێت: "زۆر شازە و هەرجارێک دێم حەز دەکەم زیاتر سەردانی ئیمام حوسێن و ئەبا فەزلی عەباس و کەربەلا بکەیت، ئیرەییتان پێدەبەین کە ئێوەی عێراقی ئەم زەویە پاکەتان هەیە و هەموو رۆژێک سەردانی دەکەن و مەزارەکان دەبینن، خۆش بەحاڵتان." 
 
عیماد حەسوون خەڵکی فەڵەستینە و دەڵێت: "هەموو گەلەکان پشتیان لە گەلی فەڵەستینی کرد جگە لە عێراق، ئێران و یەمەن، هاوکارمان بوون لە دۆسیەی فەڵەستینیەکان و ئێمە هاتووین پێیان بڵێین سوپاس." 
 
لە کەربەلا پلەی گەرما 47 پلەی سیلیزیی تێپەڕاندووە، بەشێکی زۆری ئەو زیارەتکارانە سەدان کیلۆمەتریان بەپێ بڕیوە. 
 
زیاتر لە دوو هەزار و 400 کەژاوە لە بەغداوە تاوەکو کەربەلا خواردن و خواردنەوە، چارەسەری پزیشکی و شوێنی مانەوە بۆ زیارەتکاران دابین دەکەن.
 
فازڵ عەباس، خەڵکی سعودیەیە و دەڵێت: "خەڵکی سعودیە و تورکیا و زۆربەی وڵاتەکانی جیهان لێرە کەژاوەیان هەیە، خواردن و ئاو و شەربەت دابەش دەکەن، سوپاس بۆ خوا ئەمە لە سایەی ئیمام حوسێنە، ئەم ساڵ کەژاوەکان زیادیکردووە و زیارەتکاران هەموو ساڵێک لە زیادبووندان و لە ساڵانی داهاتوو زیاتر دەبن، سوپاس بۆ خوا هێشتا سێ رۆژ ماوە بۆ چلە، کەچی دەڵێت حەجە هێندە قەرەباڵغە."
 
لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو نێوەڕاست و باشووری عێراق هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەک بۆ زیارەتکاران کراوە تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن بکەن.