مووچەی گرێبەستەکانی نەینەوا سێ مانگە دواکەوتووە، نزیکەی 500 کەسیان وازیان هێناوە

رووداو دیجیتاڵ

دامەزراوانی گرێبەست لە نەینەوا سێ مانگە مووچەیان دواکەوتووە و بە گوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا، لەو 17 هەزار کەسەی ناویان دەرچووە، نزیکەی 500 کەسیان پەشیمان بوونەتەوە.
 
دیوانی پارێزگاری نەینەوا لە 21ـی ئابی 2024، ناوی 115 کەسی دیکەی لەو کەسانە بڵاوکردەوە کە ناویان بۆ دامەزراندن بە گرێبەست گەڕاوەتەوە، تاوەکو لە بەڕێوەبەرایەتییەکانیان دەستبەکار بن.
 
ئەو ژمارەیە بەشێکە لەو 17 هەزار دامەزراندنەی کە پشکی پارێزگای نەینەوایە و ناویان بۆ دامەزراندن بە گرێبەست دەرچووە.
 
محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 500  کەس لەوانەی ناویان بۆ ئەو دامەزراندنە گەڕاوەتەوە، وازیان هێناوە و پەشیمان بوونەتەوە."
 
لەو 17 هەزار دامەزراندنە، هەزاریان بۆ کەرتی پەروەردەی قەزای شنگالە. جگە لەوەش، نزیکەی دوو هەزار کەسی دیکە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی قەزاکە، لە فەرمانگەکانی دیکە بە گرێبەست دادەمەزرێن.
 
محەممەد کاکەیی رایگەیاند: "ئەوانەی کە دەستبەکار بوون، ماوەی سێ مانگە مووچەکەیان وەرنەگرتووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو مووچە وەربگرن."
 
ئەو دامەزراندنانە، بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراقە، کە 150 هەزار دامەزراندنە بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.