ئەمریکا لەبارەی گرژییەکانی سلێمانی بۆ رووداو: داوای دانبەخۆداگرتن لە لایەنەکان دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێک بەناوی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری رووداوەکانی سلێمانی دەکەن و داواشی لە لایەنەکان کرد، کە دان بە خۆیاندا بگرن.
 
رۆژی هەینی 22-08-2025 گوتەبێژێک بەناوی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، وەڵامی ئیمەیڵێکی کاروان فەیزی دری، بەرپرسی بەشی دیسکی ئینگلیزی لە تۆڕی میدیایی رووداو، لە بارەی رووداوەکانی سلێمانی دایەوە و رایگەیاند: "لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی سلێمانی دەکەین". 
 
گوتەبێژەکە راشیگەیاند، دژی هەر تووندوتیژیەکن، کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتیی گشتی و سەقامگیری. هەروەها رایگەیاند: "بە جیددی هانی گشت لایەنەکان دەدەین دان بە خۆیاندا بگرن."
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 22ی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی، هەڵیانکوتایە سەر هوتێل لالەزار، شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، هوتێلەکەیان کۆنتڕۆڵكرد ولاهوور شێخ جەنگی و  دوو لە براکانیان دەستگیرکردن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە رووبەڕووبوونەوەکەدا سێ کارمەندیان گیانیان لەدەستداوە و 19ی دیکەش بریندار بوون.
 
لەلایەکی دیکەوە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، نیگەرانی خۆی لە رووداوەکانی سلێمانی دەربڕی و هەمان داواکاریی گوتەبێژەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکای هەبوو و داوای دان بەخۆداگرتنی لایەنەکانی کرد.
 
یونامی لە راگەیێنراوێکدا لەبارەی رووداوەکانیی سلێمانی رایگەیاندووە: "بەداخین بۆ گیان لەدەستدان و برینداربوون لە پێکدادانەکاندا، نیگەرانین لەو رووداوانەی لە سلێمانی روویانداوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا یونامی داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دانبەخۆیاندا بگرن و دەڵێت: "خۆتان لە هەر کارێک بەدووربگرن کە ژیانی خەڵکی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە". هەروەها داوای کردووە: "دڵنیایی بدرێت لە پرۆسەیەکی دادوەریی دادپەروەرانە و بێلایەن بەپێی بڕگەکانی دەستوور."