دانیشتووانی کەمپی جەدعەی پارێزگای نەینەوا ناتوانن دەنگ بدەن
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی کەمپێک لە عێراق ناتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن. زیاتر لە 34 هەزار ئاوارەش لە هەرێمی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە لە هەڵبژاردنەکەدا بەشداری بکەن.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دانیشتووانی کەمپی جەدعە لە نەینەوا ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، بەهۆی ئەوەی بەڵگەنامەکانیان تەواو نییە تاوەکو بتوانن کارتی بایۆمەتریی دەنگدان دەربهێنن."
کەمپی جەدعە لە نەینەوا تایبەتە بە شیاندنەوەی ئەو کەسوکارانەی چەکدارانی داعش کە لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێندرێنەوە، تاوەکو دواتر بگەڕێنەوە زێدی پێشووی خۆیان لە پارێزگاکانی عێراق.
عەلی جەهانگیر گوتی، "ئێستا نزیکەی 6000 کەس لە کەمپی جەدعەن."
بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 11 تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بکرێت، دەبێت دەنگدەر کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی هەبێت.
ئەو ئاوارانەی دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، دەنگەکانیان لەسەر پارێزگاکانیان هەژمار دەکرێت، بەو پێیەی هەر پارێزگایەک لە عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردنە و بەربژێری خۆی دەبێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکەن."
بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە کۆمیسیۆنەوە بە رووداو دراوە، 34 هەزار و 173 ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن، کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە.
زۆرینەی ئاوارە دەنگدەرەکان لە پارێزگای دهۆکن، کە 33 هەزار و 306 دەنگدەرن، 863 دەنگدەر لە هەولێرن.