75 بەربژێر بەهۆی پێشینەی بەعسیبوونەوە بڕیاری کۆتایی دوورخستنەوەیان وەرگرت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق پێنج بەربژێری گەڕاندەوە و دوورخستنەوەی کۆتایی 75ى دیکەی پەسندکرد، کە پێشتر بە پاساوی پێشینەی بەعسیبوون بڕیاری دوورخستنەوەیان درابوو. بەگوێرەی کارنامەی کۆمیسیۆن، 9ی تشرینی یەکەم بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات، بەڵام بە گوتەی بەرپرسێکى کۆمیسیۆن، راگەیاندنى ئەو رۆژە دەبێت دواى لێکۆڵینەوە لە دۆسیەى بەربژێران و بە بڕیارى ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بێ.
ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە 18ى ئەیلوولی 2025 بە سێ نووسراو دەرکراون.
لەو نووسراوانەدا ڕێگە بە گەڕاندنەوەی پێنج بەربژێر دراوە، دواى ئەوەی تانەیان لە دوورخستنەوەیان دابوو، کە لەسەر بنەمای بڕگەی پێنجی مادەی حەوتی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادوەرییەوە دوورخرابوونەوە.
ئەو مادەیە تایبەتە بەو کەسانەی پێشینەی بەعسیبوونیان هەیە و رێگەیان پێنادرێ پۆستی باڵا لە عێراق وەربگرن.
بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، تانەی 75 بەربژێری دیکە رەتکراوەتەوە کە بە تۆمەتی بەعسیبوون لە بەربژێری دوورخراونەتەوە. تانەکان لەلایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادوەریی عێراقەوە تاوتوێ کراون و بڕیارى کۆتایی دەرکراوە.
لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەربژێرەکان قۆناخی بەرلە پەسەندکردنی ناوەکانیانە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە، بۆ ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە قۆناخی دواتردا دەستپێبکات.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند: "لە کارنامەی کۆمیسیۆندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 9ى تشرینی یەکەم بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات تاوەکو 8ى تشرینی دووەم کە رۆژێک بەر لە ئەنجامدانی دەنگدانی تایبەتە. بەڵام ئەو رۆژە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەربژێرەکان، پێویستی بە دەرکردنی بڕیارە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە".
11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دیاری کراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، رۆژێک بەر لەوە دەنگدانی تایبەت دەکرێ.
نزیکەی هەشت هەزار کەس خۆیان بەربژێر کرد بۆ ئەو هەڵبژاردنە و تاوەکو 17ى ئەیلوول حەوت هەزار و 787 بەربژێر مابوونەوە.