عێراق سەندیکایەکی تایبەت بە کرێکارانی دیلیڤەری دادەمەزرێنێت
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەک بۆ پێکهێنانی سەندیکایەکی تایبەت بە کرێکارانی دیلیڤەری پێکدەهێنێت. نوێنەری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانە نزیکەی 400 هەزارە.
لیژنەکە بە سەرۆکایەتی سالح ماهوود سەلمان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت و 16 ئەندام لەخۆدەگرێ.
حوسێن قورەیشی، نوێنەری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق لە لیژنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانج لە پێکهێنانی سەندیکای کارمەندانی دیلیڤەری، تۆمارکردنی ئەو کرێکارانەیە لە بیمەی کۆمەڵایەتی دا."
نوێنەرەکەی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران گوتی: "ئەو کرێکارانە ژمارەیان نزیکەی 400 هەزار کەسە و بە دامەزراندنی سەندیکاکە سەرجەمیان دەخرێنە نێو تۆڕی بیمەی کۆمەڵایەتی."
بە گوتەی حوسێن قورەیشی: "هەر کەسێک تەمەنی بگاتە سەروو 60 ساڵ، لەسەر سندووقی بیمەی کۆمەڵایەتی خانەنشین دەکرێ."
سبەی لیژنە هاوبەشەکە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی دەکات. حوسێن قورەیشی دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری کۆتایی لەسەر پێکهێنانی سەندیکاکە دەدرێ."
هاوکات حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کاری عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئامانج لە بیمەی کۆمەڵایەتی دابینکردنی مووچەی خانەنشینییە بۆ کرێکاران لە کاتێکدا دەگەنە تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون، ئەویش بە مەرجی خزمەت کە بۆ پیاوان، تەمەنی یاسایی بۆ خانەنشینبوون 63 ساڵە و دەبێت 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و مانگانە پارەی دیاریکراوی رادەستی سندووقی بیمە کردبێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کاری عێراق گوتی: "بەشداریکردن لە تۆڕی بیمەی کۆمەڵایەتی بە دوو شێوازە. شێوازی یەکەم ئەو کارمەند و کرێکارانەیە کە بە مووچەی مانگانە لە کەرتی تایبەت کاردەکەن، لەم دۆخەدا کرێکارەکە ٪5ی کۆی گشتیی مووچەی مانگانەی خۆی دەدات، خاوەنکار ٪12 و حکومەتیش ٪8 دەدات."
سەبارەت بە شێوازی دووەم، حەسەن خەوام گوتی: "ئەوانەی کاری ئازاد و سەربەخۆ دەکەن لە شێوازی دووەمی بیمەکەن. ئەوانیش چەند پۆلێنێکی جیاوازن. ئەو پارەیەی مانگانە دەیدەنە سندووقەکە لە 17،500 دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 87،500 دینارە."
بە گوتەی حەسەن خەوام، "مووچەی هەر خانەنشینێکی سندووقەکە بەگوێرەی جۆری کارەکەی و بڕی ئەو پارەیەیە کە مانگانە خستوویەتییە سندووقەکە لە 400 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو ملیۆنێک و 450 هەزار دینار."