لە حکومەتى نوێى عێراق کێ داواى چى دەکات؟


رووداو دیجیتاڵ

دابەشکاریى وەزارەت و دیاریکردنى بەربژێر، بەربەستى سەرەکى بەردەم محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى راسپێدراوە بۆ پێکهێنانى ئەو حکومەتەى، کە زیاتر لە ساڵێکە دەنگدەرانى عێراق چاوەڕێی دەکەن.
 
کێشەى سەرەکیی نێو هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعەکان لە حکومەتى نوێدا لەسەر وەزارەتى نەوتە، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی دراوەتە دەست محەممەد شیاع سوودانى تاوەکو لەگەڵ دوو وەزارەتى دیکە بەربژێرى خۆى یەکلایی بکاتەوە، سوننە و کورد کێشەکانیان هاوبەشە کە ناکۆکییەکانیان لەسەر یەک وەزارەتە لەنێوان بەرە جیاوازەکانیاندا لەو پشکەى بۆیان دیاریکراوە.
 
سەرپشککردنى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو لەلایەن هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ یەکلاییکردنەوەى دابەشکارى و پشکى وەزارەتەکان و بەربژێرەکانیان لە 20ى تشرینى یەکەمى 2022، قەبارەى ئەو کێشەیەى ئاشکراکرد کە لەنێو ئەو هاپەیمانێتییەدا هەیە لەبارەى پێکهێنانى حکومەت کە نوێنەرى زۆرینەى شیعەکانى عێراقن لە پەرلەمان.
 
ناکۆکییەکان وایکرد پەرلەمان نەتوانێت لە 22ى تشرینى یەکەمى 2022 کۆبوونەوە بۆ دەنگدان لەسەر کابینەى حکومەتى نوێ بکات، هەرچەندە پێشتر لە 18ى تشرینى یەکەمى 2022، هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت (کە سەرجەم پێکهێنەرانى حکومەتى نوێ تێیدا بەشدارن بە کورد و سوننەشەوە) داوای کردبوو .
 
نەوت ئاگرى ناکۆکیى شیعەکان خۆش دەکات 
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى رووداو لە چەند بەرپرسێکى نێو چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەستى کەوتوون، لە نێو ئەو هاوپەیمانێتییە کێشەى سەرەکى لەسەر وەزارەتى نەوتە، دەوڵەتى یاسا بە سەرۆکایەتیى نوورى مالیکى، هاوپەیمانیى فەتح بە سەرۆکایەتیى هادى عامرى، داواى ئەو وەزارەتە دەکەن. لەکاتێکدا لە زۆرینەى حکومەتەکانى رابردوودا وەزارەتى ناوخۆ لە پشکى رێکخراوى بەدر بووە کە پێکهێنەرى سەرەکى هاوپەیمانیى فەتحە و لەلایەن عامرییەوە سەرۆکایەتى دەکرێت.
 
د. فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: پاشگەزبوونەوەى هاوپەیمانیى فەتح لە وەرگرتنى وەزارەتى ناوخۆ لەبەر ئەوەیە کە مەترسیی ئەوەى هەیە لە داهاتوودا بکەوێتە نێو رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رەوتى سەدر لە شەقام.  
 
بەهۆى ئەو ناکۆکییەى نێو چوارچێوەى هاوئاهەنگى، پرسەکە دراوەتە دەست محەممەد شیاع سوودانی بۆ دووبارە دابەشکردنەوەى وەزارەتەکان بەگوێرەى کورسیی لایەنەکان کە بۆ هەر وەزارتێکى سیادى لە نێوان 12 بۆ 16 کورسییە.
 
رەحیم عەبوودى، ئەندامى دەستى گشتیى رەوتى حیکمە کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بۆ چارەسەرکردنى ئەو جیاوازییانە لەنێو چوارچێوەى هاوئاهەنگى و یەکلاییکردنەوەى پردى دابەشکاریى وەزارەتەکان بەسەر فراکسیۆنەکاندا و دیاریکردنى بەربژێران، محەممەد شیاع سوودانی، دەسەڵاتى پێدراوە کە جێگۆڕکێ بە وەزارەتەکان بکات لەنێوان پێکهاتەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و فراکسیۆنەکانى دیکەش لەسەر بنەماى ژمارەى کورسیی لایەنەکان.
 
پشکى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بەگوێرەى کورسییەکانیان دەگاتە 12 وەزارەت کە سێیان سیادین، ئەوانیش نەوت و دارایی و ناوخۆن.
 
کێشە لەسەر وەزارەتى دارایی هەیە کە بۆ کێ دەبێت، فەتح داوایکردووە کە بدرێتە یەکێک لە لایەنەکانى دیکەى پێکهێنەرى چوارچێوەى هاوئاهەنگى جگە لە فەتح و دەوڵەتى یاسا کە کورسییەکانیان نزیکن لە بەدەستهێنانى وەزارەتێکى سیادی، بەڵام دەوڵەتى یاسا پێى راگەیاندوون کە یەکلاییکردنەوەى ئەو پرسە دەبێت بدرێتە دەست گەورەترین فراکسیۆنى نێو چوارچێوەى هاوئاهەنگى، لەکاتێکدا کە دەوڵەتى یاسا خاوەنى 38 کورسییە و فەتح 31 کورسی هەیە.
 
د. فەرهاد عەلائەدین دەڵێت: "محەممەد شیاع سوودانى بڕیاریداوە کە هەر سێ وەزارەتى دارایی، تەندروستى و کارەبا کە پشکى چوارچێوەن، خۆى بەربژێریان بۆ دیاری بکات".
 
بەگوێرەى زانیارییەکان، دەوڵەتى یاسا جگە لە وەزارەتى نەوت، داواى وەزارەتێکى دیکە دەکات، کە ئەگەر زۆرە خوێندنى باڵا بێت یان پۆستى جێگرى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى وزە، بەڵام هێزەکانى دیکەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى رازی نین بە پۆستى سێیەم کە رەنگە هەر وەزێرێکى دیکەى حکومەتى نوێى عێراق ئەو رۆڵە ببینێت.
 
هەرچى وەزارەتى ناوخۆیە، عەسائیبى ئەهلى حەق، کە قەیس خەزعەلى ئەمیندارى گشتییەتى داواى دەکات، ئەگەر بەر هاوپەیمانى فەتح بکەوێت (کە ئەوەش خاڵێکى دیکەى ناکۆکى نێوان خەزعەلی و هادى عامرییە، لەگەڵ ئەوەى هەردووکیان لە یەک هاوپەیمانێتین)، هادى عامرى وەزارەتى دیکەى خزمەتگوزارى لە پشکى هاوپەیمانێتییەکەیان بۆ عەسائیبى ئەهلى حەق داناوە کە فراکسیۆنەکەى ناوى سادیقوونە و نۆ کورسی هەیە .
 
سوننەکان کێشەیان لەسەر یەک وەزارەتە
 
هاوپەیمانیى سەروەرى خاوەن (61) کورسی پەرلەمان، لە ناکۆکیدایە لەگەڵ هاوپەیمانیى عەزمى عێراق کە خاوەنى 14 کورسییە، لەبارەى دابەشکاریی ئەو شەش وەزارەتەى پێیان دراوە.
 
کێشەی سەرەکى لەسەر وەزارەتێکە، لەگەڵ ئەوەى رێککەوتنى بەرایی کراوە لەبارەى ئەوەى وەزارەتى پلادانان بۆ سەروەرى بێت و وەزارەتى بەرگرى بۆ عەزم بێت، کێشەکە ئەوەیە هاوپەیمانى عەزمى عێراقى داواى وەزارەتێکى دیکەش دەکات لەو شەش وەزارەتەى بۆیان دانراوە، بەڵام هاوپەیمانیى سەروەرى جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنیا وەزارەتى بەرگرییان پێدەدرێت بەگوێرەى ژمارەى کورسییەکانیان و ئەوەش تائێستا رێککەوتن لەبارەیەوە نەکراوە.
 
یەحیا عیساوى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى سەروەرى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لەگەڵ هاوپەیمانیى عەزم لە گفتوگۆداین و نزیکین لە رێککەوتن، بەڵام ناکۆکییەکان بەتەواوى یەکلایی نەبوونەتەوە، عەزم وەزارەتى بەرگرى و وەزارەتێکى دیکەیان دەوێت لەو شەش وەزارەتەى بۆ سوننەکان دانراوە، بەڵام بەگوێرەى ژمارەى کورسى بێت، ئەوان یەک وەزارەتیان بەردەکەوێت و ناکۆکییەکە لەسەر ئەوە وەستاوە".
 
هاوپەیمانیى سەروەرى لە هەردوو فراکسیۆنى تەقەدوم بە سەرۆکایەتیى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان و هاوپەیمانیى عەزم بە سەرۆکایەتیى خەمیس خەنجەر پێکدێت.
 
یەحیا عیساوى ئاشکرایکرد، کە پێنج وەزارەت بەر هاوپەیمانێتیى سەروەرى دەکەوێت کە سێیان بۆ تەقەدووم و دووانەکەى دیکە بۆ عەزم دەبێت. گوتیشى: "سووربوونمان وەک تەقەدووم لەسەر وەرگرتنى وەزارەتى پلاندانان بۆ تەواوکردنى ئەو پلانانەیە کە پێشتر ئامادەکاریمان بۆ کردوون و تەواو نەبوون کاتێک پێشتر ئەو وەزارەتەمان بەدەستەوە بووە".
 
کێشەی پارتى و یەکێتى لەسەر یەک وەزارەتە
 
خاڵی ناکۆکى نێوان یەکێتى و پارتى وەزارەتێکە، یەکێتى داوا دەکات دوو وەزارەتى لەو چوار وەزارەتەى پێبدرێت کە بۆیان پێشنیازکراوە وەک پشکى کورد، بەڵام پارتى دیموکراتى کوردستان رژدە لەسەر ئەوەى کە یەکێتى یەک وەزارەتیان پێبدرێت بەوپێیەى پۆستى سەرۆککۆماریان بردووە.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لە خولى پێشووى پەرلەمانى عێراقدا یەکێتى 18 کورسی هەبووە و پۆستى سەرۆککۆمار و وەزارەتێکى بردووە، ئێستا ژمارەى کورسییەکانى بەهەمان شێوەیە، بەڵام داواى وەزارەتێکى دیکەش دەکات لەکاتێدا پارتى لە خولى پێشووى پەرلەمانى عێراق 25 کورسی هەبووە و لەم  خولەدا ژمارەى کورسییەکانى بووەتە 31 کورسی.
 
شێروان دووبەردانى گوتى: "پشکى پارتى لە حکومەتى داهاتوو سێ وەزارەتە و سازشى لەسەر ناکات".  
 
لە لایەکی دیکەوە كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی گوت، "پشکی کورد لە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی چوار وەزارەتە و دوو وەزارەتی بەر یەکێتی دەکەوێت".
 
ئەو وەزارەتانەى کە ئێستا پێشنبیکراون بدرێن بە کورد وەزارەتەکانى دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە، داد و ژینگەن.