ئەمینداری پەرلەمانی عێراق: ئەمڕۆ سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت دەکەوێتە دوای هەڵبژاردن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر ئەمڕۆ سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت، پڕۆسەکە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 22-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا رێكکەوتن لەسەر پۆستی سەرۆکی نوێی پەرلەمان نەکراوە. ئەگەر ئەمڕۆ رێكکەوتن بکرێت، دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان دەدرێت، ئەگەر نا تەنیا دەرگای خۆبەربژێرکردن دەکرێتەوە و دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان".
بڕیارە لە 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق گوتی، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆی پەرلەمان، پەرلەمان دەکەوێتە پشووی یاسادانانەوە تاوەکو دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پشووەکە بەردەوام دەبێت کە دەکەوێتە ساڵی نوێ.
کاژێر 13:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 22-11-2023، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی نائاسایی دەکات و دەرگای بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکاتەوە.
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە هاوکات سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە.
رۆژی 21-11-2023، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بە واژۆی موحسین مەندەلاوی کە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراقی تایبەت بە دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە.
لە نووسراوەکەدا کە رێککەوتی 20-11-2023ـی لەسەرە، هاتووە، "پاڵپشت بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی، لە 14-11-2023ـەوە کۆتایی بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق هاتووە".