حیزبی دەعوە نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

حیزبی دەعوەی ئیسلامی ئەمڕۆ شەممە (22ی تشرینی دووەمی 2025) نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حیزبەکەی وەک بەربژێر بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە حکومەتی نوێدا دەستنیشان کرد.
 
حیزبەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەنجوومەنی شوورای حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە کۆی دەنگ، نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حیزبی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەربژێر کرد."
 
لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارە، حیزبی دەعوە ئاماژەی بەوە داوە کە "مالیکی ئەزموون و توانای تەواوی بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵات لەم قۆناخە هەستیارەدا هەیە کە پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی ژیرانە و هاوسەنگیی سیاسییە."
 
نووری مالیکی پێشتریش بۆ دوو خولی لەسەریەک لە ساڵی 2006 بۆ 2014 پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بەڕێوەبردووە.
 
شەوی 17ی تشرینی دووەمی 2025 چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و گەورەترین فراکسیۆنی لە پەرلەمان راگەیاند. چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری پێکهێنانی دوو لیژنەیشی دا. یەکەم، بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران. دووەم، بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.