توێژینەوەیەک: عێراق دەیەم خراپترین وڵاتی جیهانە بۆ ئازادییەکان

رووداو دیجیتاڵ 

پەیمانگەیەکی توێژینەوەی ئەمریکی، راپۆرتی ساڵی 2023ی بۆ ئازادییەکان بڵاوکردەوە و تێیدا عێراق لەنێو 165 وڵاتدا پلەی 156یەمی گرتووە؛ سووریا لە دوایین پلەدا دێت؛ ئێران لە پلەی 161 و تورکیاش لە پلەی 128ـی لیستەکە دەبینرێت. ئەوەی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە سویسرایە. 
 
پەیمانگەی توێژینەوەی کاتۆی ئەمریکی راپۆرتی تایبەت بە ئازادییەکانی بۆ ساڵی 2023ـی بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە کۆی 165 وڵات، عێراق پلەی 156یەمی گرتووە، واتە دەیەم خراپترین وڵاتە بۆ ئازادییەکان.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەرزترین نمرەی ئازادییەکان لە ئەمریکای باکوور، رۆژئاوای ئەوروپا، ئوسترالیا و نیوزیلاندە. وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باکووری ئەفریقا و باشووری ئاسیاش خراپترین دۆخیان هەیە، بە جۆرێک سووریا دوایین پلەی بەدەستهێناوە کە 165یەمینە؛ ئێران لە پلەی 161 و تورکیاش پلەی 128ـە.
 
عێراق؛ دەیەم خراپترین وڵاتی جیهان
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئازادیی کەسی لە عێراق 4.19یە لەسەر 10؛ ئازادیی ئابووری 5.49 و ئازادیی مرۆڤیش 4.73یە. عێراق لەو راپۆرتەدا بەراورد بە راپۆرتی پێشووی رێکخراوەکە کە ساڵی 2021 بڵاوکرایەوە و باسی ساڵی 2020ی کردبوو، 0.08 پلە لە بواری ئازادییدا دابەزیوە.
 
راپۆرتەکە لەسەر هەندێک بواری دیکەی دۆخی عێراق دەوەستێت و تێیدا سەروەریی یاسا تەنیا 4.2ی لەسەر 10 بەدەستهێناوە؛ ئاسایش و ئارامی 3.4؛ ئازادیی ئایین 3.8؛ سەربەخۆیی دادگەکان 5ـە.
 
سووریا، تورکیا و ئێران
 
سووریا لە دوایین ریزبەندی راپۆرتەکەدا دەبینرێت و پلەی 165یەمی گرتووە و تێیدا هاتووە، لە سووریا ئازادیی کەسی 2.29؛ ئازادیی ئابووری 3.90 و ئازادیی مرۆڤ 2.96ـە. سووریا بەراورد بە راپۆرتی پێشووی رێکخراوەکە 0.13 پلە لە پێوەری ئازادی دابەزیوە.
 
لە سووریا دەسەڵاتی جێبەجێکردن کەمترین نمرەی هەیە کە 2.8ـە؛ کوشتن بەرزترین نمرەی هەیە کە 9.7ـە.
 
هەرچی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، تەنیا سێ وڵات لە نێوان ئێران و سووریادا دێن ئەوانیش یەمەن، سوودان و میانمارن. ئازادیی کەسی لە ئێران 3.67؛ ئازادیی ئابووری 4.53 و ئازادیی مرۆڤیش 4.03یە.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە بوارەکانی دیکەوە هەیە، لە ئێران سەربەخۆیی دادگەکان 3.5 و ئازادیی ئایینیش 3یە لەسەر 10.
تورکیا دۆخی لە سێ وڵاتەکەی دیکەی دراوسێی باشترە و پلەی 128ـی لیستەکەی گرتووە و لەسەر 10 نمرە لە ئازادیی کەسییدا 5.14؛ ئازادیی ئابووری 6.32 و ئازادیی مرۆڤیش 5.63ـی بەدەستهێناوە. ئازادیی ئایین 4 و سەربەخۆیی دادگەکانیش 4ـی بەدەستهێناوە.
 
پلەی یەکەم تا دەیەم
 
سویسرا لە لیستەکە پلەی یەکەمی گرتووە. لە سویسرا ئازادیی کەسی 9.39؛ ئازادیی ئابووری 8.47 و ئازادیی مرۆڤ 9.01ـە.
لە سویسرا سەروەریی یاسا 8.7؛ ئاسایش و ئارامی 9.9 و ئازادیی ئایین 9.6ـە.
 
لەدوای سویسرا، نیوزیلاند دێت کە ئازادیی مرۆڤ تێیدا 8.88ـە. لە پلەکانی سێیەم تا دەیەمیش وڵاتانی دێن؛ هەریەک لە دانیمارک، ئایرلاند، ئیستۆنیا، سوێد، ئایسلاند، لۆکسەمبۆرگ، فینلاند و نەرویج لە لیستەکە دەبینرێن.
 
راپۆرتەکە پشتی بە چی بەستووە؟
 
ناوەندی توێژینەوەی کاتۆ لە راپۆرتە 433 لاپەڕەییەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە پشتی بە چەند پێوەرێک بەستووە لەو وڵاتانەدا لەوانەش، سەروەریی یاسا، ئاسایش و ئارامی، ئازادی ئایین، بەهێزی کۆمەڵگەی مەدەنی، رادەڕبرین، مافی خاوەندارێتی، ئازادیی بازرگانیی نێودەوڵەتی و یاساکان. هەر یەکێک لەو پێوەرانە چەندین لقی دیکەیان لێ دەبێتەوە. 
 
پەیمانگەی توێژینەوەی کاتۆ لە ساڵی 1977 وەک ناوەندێکی قازانجنەویست دامەزراوە و بنکەی سەرەکی لە واشنتنە.
 
ئازادیی تاکەکەسی بریتییە لە ئازادییەکانی ئایین، رادەربڕین و پەیوەندیی سۆزداری. ئازادیی مرۆڤیش بریتییە لە پاراستنی شکۆی تاک لە کۆمەڵگەدا.