راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: لەم کابینەیەدا نزیکەی 7 ملیار دۆلار قەرزمان داوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ساڵح ماهوود، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری بانکەکان دەڵێ، قەرزەکانی سەر عێراق "مەترسیدار نین" بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر بە خراپی بەڕێوەببرێن، دەبنە "بارگرانی".
 
راوێژکارەکەی محەممەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ دووشەممە، 22-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەراورد بە زۆر وڵات، قەرزی ئێستا بەرامبەر کۆی بەرهەمی نێوخۆیی هێشتا لە سنووری سەلامەتیدایە". ئاماژەی بەوەشکرد، بەشی هەرە زۆری قەرزەکە نێوخۆییە و بە دراوی نیشتمانییە کە ئەوەش مەترسی کەمدەکاتەوە.
 
سەبارەت بە قەرزە دەرەکییەکان، ساڵح ماهوود ئاماژەی بەوە کرد، بەشی زۆری "درێژخایەنە و سوودی کەمی دەخرێتە سەر، عێراقیش بێ دواکەوتن بەردەوامە لە دانەوەی". گوتیشی، دەکرێ قەرز ئامرازێکی پارەدارکردن بێت نەوەک قەیران و "قەیران کاتێک دەستپێدەکات کە بەرهەمهێنان یان چاکسازی نەبێت."
 
لەبارەی کاریگەریی قەرزەکان لەسەر حکومەتی داهاتوو، ماهوود گوتی، حکومەتی داهاتوو ئەم قەرزانەی ئێستای بۆ دەمێنێتەوە، نەوەک "قەیرانێکی هاوشێوەی مایەپووچبوون."
 
بە گوتەی راوێژکارەکەی سوودانی، لە کاتی دەستبەکاربوونی حکومەتی ئێستا لە تشرینی یەکەمی 2022، قەرزی دەرەکی نزیکەی 17 ملیار دۆلار بوو و تاوەکو ئێستا نزیکەی 7 ملیار دۆلاری دراوەتەوە؛ قەرزی نێوخۆش لە 70 تریلیۆن دینارەوە گەیشتووەتە نزیکەی 87 تریلیۆن دینار.
 
ساڵح ماهوود رایگەیاند: "مەترسییە راستەقینەکان لە بابەتی مووچە، خەرجیی بەکاربردن، پشتبەستنی نیمچە تەواوەتی بە نەوت و لاوازیی کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتیدایە."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و ساڵح ماهوود، راوێژکاری سوودانی بۆ کاروباری بانکەکان:
 
رووداو: قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکان مەترسی لەسەر عێراق دروستدەکەن؟
 
ساڵح ماهوود: قەرزەکانی عێراق خۆیان مەترسیدار نین، بەڵام ئەگەر بە خراپی بەکاربهێندرێن یان خەرجیی بەکاربردن بەبێ چاکسازی زیاتر بێ، ئەوا دەبنە بارگرانی. بەراورد بە زۆر وڵات، رێژەی قەرزی ئێستا بەرامبەر بەرهەمی نێوخۆیی هێشتا لە سنووری سەلامەتیدایە. هەروەها بەشی هەرە زۆری قەرزەکە نێوخۆییە و بە دراوی نیشتمانییە، ئەمەش مەترسییەکانی پەیوەست بە ئاڵوگۆڕی دراو و سەروەری کەمدەکاتەوە.
 
سەبارەت بە قەرزە دەرەکییەکان، زۆربەیان درێژخایەنن، دانەوەیان ئاسانە و ئەو سوودەی خراوەتە سەریان، کەمە. عێراقیش بێ دواکەوتن بەردەوامە لە دانەوەیان. بۆیە دەکرێ قەرز ئامرازێکی پارەدارکردن بێت، نەوەک ئەوەی خۆی قەیران بێ. قەیران کاتێک دەستپێدەکات کە بەرهەمهێنان یان چاکسازی لە بەرامبەریدا نەبێت.
 
رووداو: ئایا قەرزەکان مەترسی بۆ سەر هەر حکومەتی نوێ دروستدەکەن؟
 
ساڵح ماهوود: حکومەتی نوێ، وەک ئەم حکومەتە و حکومەتەکانی پێش خۆی، بێگومان پابەندییەکانی بۆ دەمێنێتەوە، بەڵام قەیرانێکی وەهای قەرز وەرناگرێ کە لە مایەپووچبوون بچێ، مەترسی تەنیا ئەو کاتە دەردەکەوێ کە نرخی نەوت زیاتر دابەزێ و داهاتە نانەوتییەکان کارا نەکرێن یان خەرجییەکان رێکنەخرێنەوە. بۆیە هەر حکومەتێکی لە بەردەم تاقیکردنەوەدایە کە ئایا ویستی ئەوەی هەیە هەموو ئەم کارانە بکات یان نا. 
 
رووداو: قەرزەکان چەند بوون کاتێک حکومەت دەستبەکار بوو؟ ئێستا گەیشتوونەتە چەند؟
 
ساڵح ماهوود: کاتێک کابینەی بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەرکەکانی گرتەدەست، قەرزەکان لە ساڵانی پێشووەوە کەڵەکە ببوون، بەتایبەتی دوای شۆکەکانی 2014-2020 لە سایەی شەڕەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و داتەپینی نرخی نەوت و پەتای کۆرۆنا. حکومەتی ئێستا نزیکەی 17 ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی وەرگرت کە نزیکەی 7 ملیار دۆلار یان بڕێکی کەمتری داوەتەوە. عێراقیش بە یەکێک لە وڵاتە کاراکان دادەنرێ لە دانەوەی قەرزە دەرەکییەکان؛ هەروەها نزیکەی 70 تریلیۆن دینار قەرزی نێوخۆیی وەرگرت و ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 87 تریلیۆن دینار کە زۆربەی هی بانکە عێراقییەکانە، واتە قەرز لە حکومەتەوە بۆ حکومەت. بەگشتی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، هیچ زیادبوونێک لە قەرزدا رووینەداوە، بەڵکو رێکخستنەوەی بۆ کراوە.
 
رووداو: مەترسییە راستەقینەکانی داهاتوو لە چیدان؟
 
ساڵح ماهوود:  مەترسییە راستەقینەکان لە بەردەوامیی هەڵاوسانی مووچە و خەرجیی بەکاربردن و پشتبەستنی نیمچە تەواوەتی بە نەوتە، لەگەڵ لاوازی لە کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی و بەستنەوەی هەر قەرزێکی نوێ بە بەکاربردنەوە نەوەک وەبەرهێنان. بەڵام لە بەرامبەردا، ئەگەر قەرز بەسترایەوە بە پڕۆژەی بەرهەمدار و ژێرخان و نیشتەجێکردن و وزە و پیشەسازییەوە، ئەوا دەبێتە ئامرازێکی گەشەسەندن نەوەک بارگرانی، ئەمەش ئەوەیە کە حکومەتی عێراق لە ماوەی رابردوودا کاری لەسەر کردووە و یان لە پلانیدایە بۆ کەرتە پەیوەندیدارە جیاوازەکان لەم بوارەدا.