سەدر لەبارەى رووداوی ئاڵاى کوردستان لە کەرکووک: عەرەب و کورد بران و نابێت ئەو جۆرە پرسانە بوروژێنرێن
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانیی شیعە، لەبارەى ئەو گرژییانەى بەهۆى هەوڵى هەڵکردنی ئاڵاى کوردستان لە کەرکووک دروست بوو، دەڵێت: "کورد و عەرەب بران و نابێت ئەو جۆرە پرسانە بوروژێنرێت".
ئەو هەڵوێستەى موقتەدا سەدر لە وەڵامى پرسیارێکدا بوو کە لایەنگرانى لەبارەى رووداوەکانى ئەم دواییەى کەرکووک ئاراستەیان کردووە و پرسیاری لێدەکەن، بۆچوونی لەبارەی بڵاوکردنەوەی هێزى تایبەتى عێراق لە کەرکووک و رێگرى لە ژمارەیەک گەنجى کورد چییە بۆ ئەوەى ئاڵاى کوردستان لەسەر پەیکەرى پێشمەرگە هەڵبکەنەوە.
موقتەدا سەدر نووسیویەتی: "عەرەب و کورد بران و نابێت ئەو جۆرە پرسانە بوروژێنرێت، کە ئاماژەن بۆ دەمارگیریی نەتەوەیی".
چوارشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2025 لە کەرکووک گرژی لەنێوان ژمارەیەک هاونیشتمانیی کورد و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو، کاتێک ئەو هاونیشتمانییانە هەوڵیان دا ئاڵای کوردستان بخەنەوە دەست پەیکەری پێشمەرگە.
بەگوێرەى وەڵامى موقتەدا سەدر کە نووسراوەکەی بڵاوکردووەتەوە، نووسیویەتى: "پێویستە بکەرانى ئەو جۆرە کارانە بەپێى یاسا سزا بدرێن".
بەهۆى ئەو گرژییەوە چەند گەنجێک لە کەرکووک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە قۆڵبەست کران، بەڵام فەرماندەیی پۆلیسی شارەکە رایگەیاند، کەسیان دەستگیر نەکردووە.