تەمێکی چڕ نێوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێ، تەمێکی چڕ بەشێکی نێوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە و لە هەندێک شوێن مەودای بینین زۆر دابەزیوە.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 22-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بەرزبوونەوەی شێ و وەستانی با، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە تەمێکی چڕ بەشێکی ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە."
 
بەگوتەی عامری جابری، تەمەکە بووەتەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین، بە جۆرێک لە هەندێک ناوچەدا ئاستی بینین دەگاتە خوار 1000 مەتر و لە هەندێکی دیکە کەمترە.
 
ئەو بەرپرسەی دەستەی کەشناسی هۆشداری دەدات لە "دروستبوونی مەترسی و سەختی لە جووڵەی هاتووچۆ لە رێگەوبانە خێراکان" و داوا لە شوفێرانیش دەکات پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ و بەرگری شارستانی بن. 
 
عامر جابری پێشبینی دەکات دوای نیوەڕۆ چڕیی تەمەکە کەم بێتەوە و مەودای بینین باشتر بێ.