دەزگای شەهیدانی عێراق مامەڵەی 1982 کەسی هەڵوەشاندەوە؛ "یاسای تیرۆر دەیانگرێتەوە"

رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای شەهیدانی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مامەڵەی 1982 کەسی دا کە وەک شەهید ناسێنرابوون، دوای ئەوەی دەرکەوت ئەو کەسانە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەیانگرێتەوە. زۆرترین مامەڵە هەڵوەشاوەکانیش لە پارێزگای ئەنبارن و هەندێکی دیکەش لە کەرکووکن.
 
بەگوێرەی نووسراوی دەزگای شەهیدانی عێراق کە ئاراستەی پەرلەمانی عێراقی کردووە و وێنەکەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوە، دوای وردبینی دەرکەوتووە کە ئەو 1982 کەسە نەوەک هەر شایستەی مافی شەهیدانە نین، بەڵکو یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەیانگرێتەوە. 
 
سەبارەت بە دابەشبوونی جوگرافیی ئەو مامەڵانەی هەڵوەشێندراونەتەوە، لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە 1840 مامەڵەیان لە پارێزگای ئەنبار بوون و 142 مامەڵەکەی دیکەش لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و بەغدا بوون.
 
شوان محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانیانی سیاسی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 22-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پرسە بە فەرمی لە لیژنەکەمان باس نەکرا، بەڵام بە شێوەی لاوەکی قسەی لەسەر کرا."
 
حەیدەر محەممەد کازم متیری، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، دەڵێ، هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ گەڕاندنەوەی هەموو ئەو پارە و شایستە داراییانەی لە ماوەی رابردوودا بە کەسوکاری ئەمانە دراون.
 
ساڵانە لە عێراق وردبینی لە لیستی شەهیدان و بریندارانی شەڕی دژی تیرۆر دەکرێ، ئەوەش بەهۆی هەبوونی گومانی زۆر لە تێکەڵکردنی ناوی چەکدارانی داعش یان کەسانی نزیک لێیان.