عێراق بۆ رێکخستنی هاوردەکردن سیستمی "بەیانی پێشوەختە"ی کارا کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دەڵێ، سیستمی "بەیانی پێشوەختە"یان بۆ رێکخستنی هاوردەکردن و پاراستنی بازاڕ لە کێبڕکێی نایاسایی کارا کردووە. سەرۆکی دەستەکە دەڵێ، سیستمەکە بە هاوئاهەنگی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاراستنی دراوی نیشتمانییە.
 
سامر قاسم تائی، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 22-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق هاوئەهەنگییمان کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و بەم جۆرە ئەو بانکە بەشدار دەبێت لە پاراستنی دراوی نیشتمانی، رێکخستنەوەی بەکارهێنانی دراوی بیانی، پشتگیریکردنی سەقامگیریی بازاڕی نێوخۆ و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکانی دەوڵەت."
 
بەگوێرەی سیستمەکە، بازرگانان پابەند دەکرێن پێشوەختە داتای کاڵاکانیان پێشکێش بکەن، ئەوەش پێش ئەنجامدانی هەر گواستنەوەیەکی دارایی بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ دڵنیابوون لەوەی گواستنەوەکە بەستراوەتەوە بە هاوردەیەکی راستەقینەوە.
 
سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق گوتی: "بازرگان پێش ئەوەی بچێتە دەرەوەی وڵات و هەر کاڵایەک بهێنێت، دێتە لای ئێمە و لیستی ئەو کاڵایانەی بەنیازە بیانکڕێ لەگەڵ نرخەکانی و ئەو بڕە پارەیەی دەیەوێ رەوانەی دەرەوەی عێراقی بکات، پێشکێشی دەکات. دواتر ئێمە هاوتای دەکەین لەگەڵ ئەو کاڵایانەی دەگەڕێنەوە و لێرەدا دەردەکەوێ کە ئایا بازرگانەکە هەمان بڕ و نرخی هێناوەتەوە یان نا."
 
دەستەی گومرگ داوا لە بازرگان و هاوردەکاران دەکات پابەندی رێنماییە نوێیەکان بن و بە "بەرپرسیاریێتییەکی هاوبەش"ی دەزانێ بۆ پاراستنی ئابووریی نیشتمانی.